رووداو دیجیتاڵ
لە 2022دا نزیکەی 61 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە لە ئەوروپا مردن. توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، لە نێوەڕاستی سەدەدا مردن بەهۆی گەرماوە چوار هێندەی ئێستا زیاد دەکات.
بە واتایەکی دیکە، لە یەک هاویندا ئەگەری مردنی 240 هەزار کەس لە ئەوروپا هەیە. دکتۆر مارینا رۆمانێلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە سەنتەری لانسێت کاونتداون دەڵێت، "مردن بەهۆی گەرماوە بۆ کەسانی سەرووی 65 ساڵ کە مەترسیان لەسەرە، لە نەوەتەکانەوە بە رێژەی 85٪ زیادیکردووە. ئێستا بەوە دەزانین کە نیوەی ئەو بەرزبوونەوەیە رووینەدەدا ئەگەر پلەی گەرما زیادی نەکردبا، بۆیە دەزانین ئەوە گۆرانی کەشوهەوایە ئەمەی ناوەتەوە."
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکی لانسێت بەناوی Countdown on Climate and Health بڵاوکراوەتەوە، کە هۆشداری لە کاریگەری گەرما لەسەر ژیان دەدات.
مانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ پانێلی گۆڕانی کەشوهەوای یەکێتی ئەوروپا راپۆرتی خۆی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، حوزەیرانی ئەمساڵ تاوەکو ئاب سێ گەرمترین مانگ بوون لەمێژووی تۆمارکراودا.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تائێستا لە هەر چرکەیەکدا 1,337 تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدرێت، ئەمەش لەو ئاستە نییە تەندروستیی مرۆڤ بتوانێت بەرگەی بگرێت.
جولیۆ دیاز خیمینێز، پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی تەندروستیی کارلۆسی سێیەم دەڵێت، "تەنیا لە مەدرید پیسبوونی ژینگە ساڵانە 14 هەزار کەس دەنێرێتە نەخۆشخانەکان، 8,000 کەس بەهۆی دوانۆکسیدی نایترۆجین و 6,000 کەسیش بەهۆی ژاوەژاوەوە."
راپۆرتەکە کە دەزگای کەشناسی جیهانیش بەشداری تێداکردووە و بڕیارە لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە کۆتایی ئەم مانگە رۆژێکی بۆ تەرخانبکرێت، باوەڕیوایە وەکو پێویست کارنەکراوە بۆ سنووردارکردنی دەردانی گازە زیانبەخشەکان.
راپۆرتەکەی لانسێت دەڵێت، دەکرێت دەردانی گازی کەمتری زیانبەخش ساڵانە 12 ملیۆن کەس لە مردن بپارێزێت، لە راپۆرتەکەدا هەندێ رێکاریش وەکو چارەسەر باسکراون، گازی زیانبەخش کەمبکرێنەوە، حکومەتی وڵاتان وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گۆڕانی کەشوهەوادا بکەن، تا ئەمانە بەدی دێن، ئامۆژگاری دەکات لە کاتی شەپۆلی گەرمادا کارکردن لەبەر خۆرەتاو کەمبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ