رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 1300 کەس بەهۆی ئاگرەکەی هاوایی بێسەروشوێنن، بۆیە ئەرکی ئەو سەگانەی بەدوای قوربانییاندا دەگەڕێن لە رۆژانی دیکە قورسترە و دەبێت بەنێو ئاگر و خۆڵەمێشدا بڕۆن بۆ دۆزینەوەی قوربانییان.
تاوەکو ئێستا سەگەکان هاوکاربوون لە دۆزینەوەی تەرمی 110 کەس لەو ئاگرەی بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، پێشتر لە ویلایەتەکەدا وێنەی نەبووە.
دین کریسوێل، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئیدارەدانی فریاگوزاریی ئەمریکا دەڵێ "بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە و پرۆسەی گەڕان بەدوای قوربانیان قورسە. بەهۆی بارودۆخەکە و پاشماوەی ئاگر، پێویستە سەگ بەنێو گەرمادا بڕۆن، بەنێو شووشە و داروپەردوودا دەڕۆن، لەم بارودۆخەش، سەگ پێویستی بە پشووی بەردەوامە، بۆیە سەگی زیاتر دەنێرین لەو پرۆسەیە بەشداربن."
ئەرکی سەگەکان لێرەوە کۆتایی نایەت، چونکە زیاتر لە 1300 کەس بێسەروشوێنن و هۆشداریش دەدرێت ژمارەی قوربانیان چەند هێندەی لێبێت.
جۆش گرین، پارێزگاری هاوایی دەڵێ "هێزی زیاتر لە ناوچەکە جێگیرکراون، کە 30 سەگیان لەگەڵدایە و دەیکەین بە 40 سەگ. 225 کەسی دیکە بۆ بەهاناوەچوون دێن، سێ تیمی 75 کەسین. تواناکانمان بەردەوام لە زیادبووندان بۆ ئەوەی دڵنیابین دەستمان بە هەموو شوێنێکی کارەساتەکە بگات."
زیاتر لە 2200 یەکە سووتاون و تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانە مادییەکان بە 6 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێن.
جۆش گرین، پارێزگاری هاوایی دەڵێ "ئەمە بێ وێنەیە. هەر کەسێک ئەمڕۆ لەژیاندابێت، شتی وای نەبینیوە، نە ئەو ژمارەیە و نە بەو قەبارەیەی نەبینیوە، کۆتاییش نەهاتووە."
هەرچەندە حکومەتی ئەمریکا هەموو سەرچاوەیەکی بەردەستی لە خزمەت هاوایی خستووەتەگەڕ و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە سەردانی ویلایەتەکە دەکات، بەڵام لەوانەیە بە ساردی پێشوازی لێبکرێت، چونکە خەڵک تووڕەن لەوەی لە کاتی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەدا، هیچ سیستەمێکی ئاگادارکردنەوە ئەوانی ئاگادار نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ