پرۆفیسۆرێکی کەنەدی خۆی فێری زمانی کوردی کردووە؛ نووسەری چوار کتێبە لەبارەی کورد

17-06-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
دەیڤید رۆمانۆ، پرۆفیسۆرێکی کەنەدییە و لە شاری سپرینگفیڵدی ویلایەتی میزووری ئەمریکا دەژی
دەیڤید رۆمانۆ، پرۆفیسۆرێکی کەنەدییە و لە شاری سپرینگفیڵدی ویلایەتی میزووری ئەمریکا دەژی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەیڤید رۆمانۆ، پرۆفیسۆرێکی کەنەدییە و لە شاری سپرینگفیڵدی ویلایەتی میزووری ئەمریکا دەژی. رۆمانۆ ساڵی 1996 لە تورکیاوە بە پاسکیل چووەتە باشووری کوردستان و دواتریش چووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو بە کوردی قسە دەکات و ساڵانە جەژنی نەورۆزیش دەکاتەوە.
 
دەیڤید رۆمانۆ، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان و لێکۆڵەر لە مێژووی کورد دەڵێت، "خەڵکی کەنەدام، زمانی دایکم فەرەنسییە." 
 
رۆمانۆ ساڵانە لە ئەمریکا لە 21ـی ئاداردا، جەژنی نەورۆز دەگێڕێت. ئەو هاووڵاتییە کەنەدییە نووسەری چوار کتێبە لەبارەی کورد و دەیان توێژینەوەشی لەو بوارەدا کردووە، دەڵێت، تاوەکو لە ژیاندا بێت، بەردەوام دەبێت لە توێژینەوە لەبارەی کورد و کوردستان.
 
دەیڤید رۆمانۆ گوتی، "ئەم سێ کتێبە و کتێبێکی دیکە کە لە ماڵەوە جێم هێشتووە، لەگەڵ ئەم کتێبانە کە بەشێکی خۆم نووسیومن، ئەو کارانەن کە لەسەر کورد و کوردستان کردوومە. هەندێک کاری دیکەشم هەیە لەبارەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
ئەو نووسەرە ئێستا سەرقاڵی نووسینی کتێبێکە تایبەت بە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. مامۆستایانی زانکۆ لە ئەمریکا، حەوت ساڵ جارێک دەتوانن یەک وەرز پشوو وەربگرن؛ رۆمانۆ بڕیاریداوە، پشووەکەی کە حەوت ساڵە چاوەڕێی دەکات، وەرنەگرێت و بچێت بۆ هەولێر و لە زانکۆی سەڵاحەدین بێ بەرانبەر وانە بڵێتەوە.
 
رۆمانۆ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ ئاژەڵ و ژینگە هەیە و سەرۆکی رێکخراوی هاوپەیمانیی رووبارەکانی ئەمریکایە کە زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە