وەزیری ناوخۆی سلۆڤاکیا: لە 2015وە قەیرانی کۆچبەری دروستبووە و یەک تاکە تاوانیشیان نەکردووە

18-06-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
چەند کۆچىەرێک لەسەر سنووری سلۆڤاکیا.
چەند کۆچىەرێک لەسەر سنووری سلۆڤاکیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێشتا مانگی حوزەیرانە، خەریکە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی دەچنە سلۆڤاکیا دوو هێندەی ساڵی 2022ی لێ دێت.بەڵام سلۆڤاکیا دوا وێستگەیان نییە؛ کۆچبەران لە دارستانە چڕ و پڕەکانی وڵاتەکە خۆیان رێک دەخەنەوە و بەرەو وڵاتی خەونەکانیان دەکەونەوە رێ.
 
ئەوەی بەرپرسانی سلۆڤاکیای تووشی شۆک کردووە ئەوەیە، لە 10 کۆچبەر، 9یان دەڵێن خەڵكی سووریان. ئیڤان سیمکۆ، وەزیری ناوخۆی سلۆڤاکیا دەڵێت، "قاچاخچییەکان خۆتۆمارکردن لەنێو وڵاتی ئێمە بۆ کۆچبەرانی نایاسایی پێشنیاز دەکەن، چونکە دەزانن بۆ دیپۆرتکردنەوە دەستگیر ناکرێن. بەڵکو بەڵگەنامەی مانەوەیان بۆ دەردەکرێت."
 
بەشێک لە کۆچبەرەکان لە تورکیاوە دەگەنە یۆنان، لەوێوە بۆ بولگاریا، دواتر سڕبیا و رۆمانیا و هەنگاریا تا دەگەنە سلۆڤاکیا؛ کۆچبەرەکان لە رێگەی چیک یان نەمساوە بەسەر ئەڵمانیا و هۆڵەندا و فەرنسا و بەریتانیادا دابەش دەبن.
 
بابەتەکە بووەتە مژارێکی گەرمی سیاسی. وەزیری نێوخۆی سلۆڤاکیا دەڵێت، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، کۆچبەران بەناوی 'سووریاوە' خۆڵیان کردووەتە چاوی حکومەت. 
 
دێنیسا ساکۆڤا، پەرلەمانتارە و باس لەوە دەکات، "لەلایەن قاچاخچیانەوە باش وانە دراون؛ ئەوان دەزانن کە دەڵێن لە سووریاوە هاتوون، وەک پەنابەری شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت." میلان مازوریک، پەرلەمانتارێکی دیکەی وڵاتەکەیە و دەڵێت، "سلۆڤاکیا رووبەڕووی داگیرکارییەکی گەورەی کۆچبەری نایاسایی بووەتەوە، داگیرکارییەکی گەورەی تاوانکاران."
 
بەشێک لە سیاسەتڤانان ئەم هەرایەی لەسەر کۆچبەران درووستبووە، بە کەشوهەوای پێش هەڵبژاردن دەزانن کە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێن.
 
وەزیری ناوخۆی سلۆڤاکیا ئاماژە بەوە دەکات، " لە 2015ەوە واتە لەو کاتەوەی قەیرانی کۆچبەری درووستبووە، یەک تاکە تاوانیش ئەنجام نەدراوە."
 
لە 5 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 9,000 کۆچبەر لە سلۆڤاکیا ناویان تۆمارکردووە، لەکاتێکدا لە تەواوی 2022 ژمارەکە 11,791 کۆچبەر بووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە