لە بەرامبەر خاوێنکردنەوەی شەقامەکان پێنج قوتوو کحوول بە ئالودەبووەکان دەدرێت

17-01-2014
,
,
A+ A-

رووداو - ئەمستردام

لە شاری ئەمستردام لە هۆڵەندا لە بەرامبەر خاوێنکردنەوەی شەقامەکان پێنج قوتوو کحول بەو ئالودەبووانە دەدات لەسەر شەقامەکان کەوتوون.  بەشێک لەو ئالودەبووانە بەهۆی زۆر خواردنەوەی کحوولەوە خێزان و کارەکانیان لەدەستداوە و ئەو گرووپەی کە سەرپەرشتی دابەشکردنی کحوولەکەش دەکات دەڵێت ئامانج لەو کارەیان بەدەست کەوتنی کحوولە لەلایەن ئەو کەسانەی کە ئالودەبوون و ناتوانن کحوول بکڕن.

گرووپێکی ئالوودەبووانی خواردنەوە کحوولییەکان لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا، رۆژانە پێنج قوتوو بیرەیان پێدەدرێت و لە بەرامبەردا، شەقامەکانی شاری ئەمستردام پاکدەکەنەوە. ئەم بەرنامەیە چانسێک بەو ئالوودەبووانە دەدات، کە بتوانن بەشی خۆیان خواردنەوە بەدەست بهێنن، چونکە هەندێکیان بەهۆی ئالوودەبوونی زۆرەوە بەو خواردنەوەیە، خێزان و کارەکانیان لەدەستداوە.

دەزگایەکی تایبەت، بەڵام بە هاوکاری حکومەت بەناوی دەزگای گرووپی پەلکەزێڕینە، بەرنامەیەکی داڕشتووە، بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە، هەر دە کەس لە تووشبووان، هەفتەی سێ رۆژ کاردەکات و سەر شەقامەکان لە زبڵ و پاشماوە پاکدەکاتەوە، رۆژانەش ١٠ یۆرۆ لەگەڵ ژەمێکی خواردن و نیو پاکەت جگەرە و پێنج قوتوو بیرەیان پێدەدرێت.هەرکەسێکیش لەوانە ئەگەر خۆی بیەوێت، دەتوانێت هەموو رۆژێک کاربکات.

کارل سلینگەر تەمەن ٥٠ ساڵ دەڵێت رۆژانە کاتی خۆی لە پارکێکی نزیک بە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەسەربردووە و لەوێ خەریکی خواردنەوە بووە. دەڵێت " بێگومان کەشوهەوای پارکەکە زۆر خۆشە، دەتوانیت لێرە بیرەی زۆر بخۆیتەوە، ئێستا لێرە دەتوانی شتێکی دیکەش بکەیت، نەک تەنها دابنیشیت، من نامەوێ تەنها دابنیشم، دەمەوێت کارێکیش بکەم".

بەڕێوەبەری پرۆگرامەکە گێری هۆڵتەرمان پێیوایە ئەم پرۆگرامە وا دەکات ئەم پیاوانە زیاتر کاتەکانیان بۆ کارکردن تەرخان بکەن و کاتێکی کەمتریان هەبێت بۆ خواردنەوە.

فاتیمە ئیلاتیک، سەرۆکی شارەوانی رۆژهەڵاتی ئەمستردام یەکێکە لەوانەی هاوکاری بەرنامەکە دەکات، ئەو دەڵێت لەم بەرنامەیەدا بە کۆی هەموو ئەو شتانە بەو بەشداربووانە دەدرێت، رۆژانە ١٩ یۆرۆ خەرج دەکرێت.

 فاتیمە دەڵێت  " بۆ زۆرێک لە سیاسەتمەداران قورس بوو ئەم بەرنامەیە قبوڵ بکەن و دەپرسن ئێوە کحوول دەدەن بەم پیاوانە؟ نەخێر دەمانەوێت مانایەکی دیکە بە ژیانی ئەوان بدەین، پێیان بڵێین کە ئێوە دەتوانن کار بکەن و ئێمەش پێویستیمان پێتانە".

لەناو شاری ئەمستردامدا کۆمەڵە رێکخراوێکی دیکە هەن کە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئالوودە بوون بە خواردنەوە کحوولییەکان دەکەن، بەڵام گرووپی پەلکەزێڕینە زیاتر پراکتیکیانە کار دەکات و پلانی ئەوەشیان هەیە، ئەم بەرنامەیە ببەنە شارەکانی دیکەی هۆڵەندا و لە زۆربەی ناوچەکاندا پرۆژەی هاوشێوە ئەنجام بدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە