رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی روونکردووەتەوە کە داگیرکردنی غەززە "هەڵەیەکی گەورەدەبێت" و تەنیا دوو دەوڵەتیی چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە.
پێشتر جۆ بایدن داوای ئاگربەستی کاتیی لە ئیسرائیل کردووە، بەڵام ئەوەشی روونکردووەتەوە کە هیچ هێڵێکی سوور بۆ ئیسرائیل دانانێن و داواشیان نەکردووە ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیێندرێت.
واشنتن دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی ئیسرائیل لە لەناوبردنی حەماس و گرووپەکەشی بە تیرۆریست ناوبردووە، بەڵام مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بە هەڵەیەکی گەورە وەسفکرد.
هەفتەی رابردوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنانەت تاوتوێی دۆخی دوای نەمانی حەماسی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە کردووە. بەڵام هێشتا لە رێگەی قەتەرەوە لەگەڵ حەماس لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زیاتر لە 242 بارمتە کە هەندێکیان دەگوترێت لە بۆردوومانی ئاسمانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە.
بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەوەی لە توانادا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی بارمتەکانی دەستی حەماس ئازاد بکەن، بەڵام رەتیکردەوە هێز بنێرن بۆ ئازادکردنیان لە ئەگەری ئەوەی حەماس رەتیبکاتەوە ئازادیان بکات".
پێشتر لە لێدوانێکدا، جۆ بایدن بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو، پەیامی بۆ بارمتەکان ئەوەیە کە پێیان بڵێت، "ئارام بگرن، وا دێین"، ئەم لێدوانەی بایدن پرسیاری لای خەڵکی دروستکرد لەوەی ئاخۆ مەبەستی هەوڵی دیپلۆماسی بووە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان یاخود ناردنی هێز؟
لە کۆنفرانسەکەی شەوی رابردوو، بایدن روونکردنەوەی دا و گوتی، "مەبەستم ئەوە بوو کە ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی رزگارتان بکەین. دێین یارمەتیتان دەدەین و ئازادتان دەکەین. من مەبەستم ناردنی هێز نەبوو بۆ ئەوێ و باسم لە سوپا نەکردووە".
7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەسی کوشت، لە وەڵامی ئەم هێرشە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بە گوتەی خۆیان تاوەکو ئێستا بەشی باکووری غەززەیان کۆنتڕۆڵکردووە، ئەمەش دوای کوژرانی 11500 فەڵەستینی لە ماوەی ئەو 40 رۆژەی رابردوودا، کە تەندروستی غەززە ئامارەکەی راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ