رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوتارەکانی هاریس و بایدن بە هاندەری سەرەکی دووەم هەوڵی کوشتنی دادەنێت.
لە دوای رووداوی تەقەکردنەکە و لە نوێترین چاوپێکەوتنی میدیاییدا، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەو کەسەی کە هەوڵیدا بمکوژێت باوەڕی بە گوتارەکانی هاریس و بایدنە".
رۆژی یەکشەممە،15-9-2024، کەسێک بە ناوی رایان وێسلی رووس، تەمەن 58 ساڵ، لە یاریگەیەکی گۆڵف تایبەت بە ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا و بە دووری نزیکەی 400 مەتر لێی و لە کاتێكدا ویستوویەتی تەقە لە ترەمپ بکات، هێزە ئەمنییەکان تەقەی لێدەکەن و پاشان دەستگیری دەکەن؛ رووس خۆی بە پاڵپشتیکاری ئۆکراینا و دژە ترەمپ، پێناسە کردووە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: "هۆکاری سەرەکیی جووڵەی رووس دژ بە من، گوتارەکانی هاریس و بایدنە، ئەو جۆرە گوتارانەن کە دەبنە هۆی تەقەکردن لێم".
هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا کە لەگەڵ کەناڵێكی ئەمریکی نزیک لە خۆی کردبووی، ترەمپ گوتارەکانی خودی هاریس و بایدنی دژ بە هەردووکیان بەکارهێنایەوە و گوتی: "ئەو دوو کەسە گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر دیموکراسییەت".
ترەمپ نەیشاردەوە کە هاریس و بایدن بەردەوام زمانێكی "هاندەر" بەکاردەهێنن و گوتی: "ئەو جۆرە قسەکردنە کە هاریس و بایدن بەکاریدەهێنن هانی تووندوتیژی دەدەن، من لەوان توانام زیاترە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمان و قسەکردنە، بەڵام من ئەو کارە ناکەم".
لە مانگی تەمووزی ئەم ساڵ و لەکاتی سەرقاڵبوونی بە پێشکێشکردنی گوتاری هەڵمەتی هەڵبژاردن لە شاری بەتلەری ویلایەتی پێنسیلڤێنیا، کەسێك تەقەی لە ترەمپ کرد و بە سووکی گوێی بریندار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ