رووداو دیجیتاڵ
دووەمین فیستیڤاڵی وێنەی بەیرووت لە لوبنان بەڕێوەدەچێت، سێ فۆتۆگرافەری کورد بەشدارن لەنێویاندا بڵند تاهیر، فۆتۆگرافەری تۆڕی میدیایی رووداو کە بە فۆتۆ ستۆرییەک لەبارەی 34مین ساڵیادی ئەنفالکراوانی نوگرە سەلمان، بەشدارە.
ئەمڕۆ هەینی 16-9-2022 ، محەممەد بەسام، وەزیری رۆشنبیریی لوبنان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوو و سەیری وێنەی فۆتۆگرافەرەکانی کرد.
فۆتۆگرافەری رووداو، لەگەڵ فۆتۆگرافەران سەفین حەمید، فۆتۆگرافەری ئاژانسی فرانس پرێس و شڤان هەرکی لە باشووری کوردستانەوە لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن.
مژاری ئەمساڵی فیستڤاڵەکە 'بیرەوەری'یە و فۆتۆگرافەران بە وێنە و فۆتۆستۆری لەبارەی مژاری جیاواز بەشدارن، بەڵام بە گشتی مژارەکان پەیوەندییان بە بیرەوەرییەوە هەیە. نمایشی وێنەی فۆتۆگرافەران لە ناوچە جیاوازەکانی بەیرووت لە 16ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت.
بەشداری ئەو سێ فۆتۆگرافەرە کوردە لە فیستیڤاڵەکەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی بووە کە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی فیستیڤاڵەکەیە لە باشووری کوردستان و عێراق.
فیستیڤاڵی وێنەی بەیرووت، یەکەم خولی لە ئەیلوولی 2019 لەلایەن کۆمەڵەی فیستیڤاڵی وێنە بیرەوەری و بە هاوبەشی لەگەڵ خانەی وێنە و یەکێتیی وێنەگرانی عەرەب سازکرا و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام بوو، لە 25 شوێنی جیاواز 600 وێنەی 122 فۆتۆگرافەری 25 وڵات خرانەڕوو.