دەرفەتی کار لە عێراق بۆ پاکستانییەکان زیاتر دەبێت

16-07-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەغدا و ئیسلام ئاباد بەنیازن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن و رێکبکەون لەمەودوا دەرفەتی کاری زیاتر بۆ پاکستانییەکان لە عێراق بڕەخسێندرێت، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییانی پاکستانی بە نایاسایی لە وڵاتەکە نەمێننەوە.
 
وەزارەتی سەرچاوە مرۆییەکانی پاکستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەوڵی مسۆگەرکردنی مۆڵەتی کارە بۆ هاووڵاتییانی پاکستانی.
 
چاودری سالیک حوسێن، وەزیری سەرچاوە مرۆییەکانی پاکستان و حەمید عەباس، باڵیۆزی عێراق لە ئیسلام ئاباد بە ئامادەبوونی موحسین نەقڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەربارەی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی پاکستانی لە عێراق کرد.
 
وەزیرە پاکستانییەکە گوتی، وەزارەتەکەیان هەموو ئاسانکاریێک بۆ هاووڵاتیانی خۆی دەکات مۆڵەتی کاریان لە عێراق پێبدرێت، ئەمەش وادەکات کۆچی یاسایی زیاد بێت و نایاسایی کەمبێتەوە. وەزیری ناوخۆی پاکستان دڵنیاییدایە باڵیۆزی عێراق کە چوونی نایاسایی هاووڵاتییانی بۆ عێراق چارەسەر دەکەن.
 
هەردوولا جەختیان لەوەش کردەوە، کۆمپانیا گەشتیارییەکان باج و رسووماتی سەر زیارەتکارانی پاکستانی کەمبکەنەوە، گفتوگۆ دەربارەی ئەوەش کرا ڤیزەی زیارەتکارانی پاکستانی بکرێتە خۆڕایی.
 
باڵیۆزی عێراقیش بەڵێنیدا هەموو ئاسانکاریێک بۆ زیارەتکارانی پاکستانی بکات، لیستی ئەو کۆمپانیا  گەشتیارییانەشی دایە بەرپرسانی پاکستانی کە پارەی زیادیان لە زیارەتکاران سەندووە، کە ئەگەری هەیە سزا بدرێن.
 
ساڵانە لە 10ی موحەڕەم زیارەتکارێکی زۆری شیعەمەزهەب لە سەرتاسەری جیهان سەردانی عێراق دەکەن و لە نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە، ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی و پاکستانی پشکی شێریان بەردەکەوێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە