لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێن دژی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، عەلى ئێرباش، سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا لە كۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانيدا بڕيارەكانى ئەنجومەنى باڵاى كاروبارى ئايينى لەبارەی نوێژى هەينى و نوێژە فەرزەكانەوە ئاشكراكرد و دەڵێت، لەم ماوەيەدا لەبری نوێژى هەينى، تەنیا نوێژى نيوەڕۆ بەسە.
ئێرباش ئاماژەى بەوە كرد، لەم دۆخە نائاساييەدا بەردەوامبوونى نوێژى بەكۆمەڵ لە مزگەوتەكان مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسەكە زياتر دەكات.
سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا باسی لەوە کرد، "لەم رووەوە يەكێك لە بنەما سەرەكييەكانى ئايينى ئيسلام ئەوەيە كە نابێت ژيانى مرۆڤ بە هيچ شێوەيەك بخرێتە مەترسييەوە. بۆيە تاوەكو مەترسييەكانى بڵاوبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا نامێنێت، هەڵپەساردنى نوێژی هەینی و سەرجەم نوێژە بەکۆمەڵەکانی دیکە بووەتە كارێكى پێويست".
هەروەها عەلى ئێرباش لەبارەی گەڕانەوەی عەمرەکارانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "بە سەرپەرشتیی بەڕێوبەرایەتییەکەمان تەواوی ئەو هاووڵاتییانەی گەشتی عەمرەیان کردووە گەڕاونەتەوە تورکیا".
هەروەها سەرۆكى كاروبارى ئايينى توركيا ئەوەی خستەڕوو كە ئەمڕۆ ئەو 390 هاووڵاتييەی تورکیا كە لەڕێگەى كۆمپانيايەكى گەشتياریی تايبەتەوە چوون بۆ سعووديە، دەگەڕێنەوە و كەرەنتينە دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ