15-08-2021
23:24
مەکتەب سیاسیی تاڵیبان: گەیشتووینەتە قۆناخێک، خۆشمان پێشبینیمان نەکردووە
سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی تاڵیبان "پیرۆزبایی لە گەلی ئەفغانستان دەکات" و دەشڵێت "گەیشتووینەتە قۆناخێک کە پێشبینیمان نەدەکرد".
بە گوتەی سەرۆکی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەکە، ئێستا ئەوان لە قۆناخی تاقیکردنەوەی ئەوەدان کە چۆن دڵنیایی بدەنە گەلی ئەفغانستان لەوەی کە دەتوانن پێکەوە بژین.
22:51
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: سەدان کارمەندی باڵیۆزخانەکەمان دەربازکردوون
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، سەدان کارمەندی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە کابوول دەرباز کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان چووە نێو پایتەختی ئەفغانستان.
ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێشتا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوول کراوەیە بۆ گەشتە بازرگانییەکان.
زیاتر بخوێنەوە
22:42
سەرۆکی ئەفغانستان: تاڵیبان جەنگی بردەوە و دڵی گەلی ئەفغانستانی دۆڕاند
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان. وێنە: AFP
سەرۆکی ئەفغانستان دوای جێهێشتنی وڵاتەکەی، رایگەیاند، بزووتنەوەی تاڵیبان جەنگی بردەوە، بەڵام دڵی گەلی ئەفغانستانی دۆڕاند.
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان راشیگەیاندووە، گەلی ئەفغانستان لە دۆخێکدا دەژین کە لە داهاتوویان دەترسن، دەشڵێت "پێویستە تاڵیبان ژنان و کەمە نەتەوەکان بپارێزێت بۆ بەدەستهێنانی دڵی ئەفغانییەکان".
سەرۆکی ئەفغانستان راشیگەیاند، بزووتنەوەی تاڵیبان دەبێت پلانێکی روون بۆ داهاتوو دانێت و خەڵکیشی لێ ئاگاداربکاتەوە.
21:58
وەزیری بەرگریی ئەمریکا: شەڕنەکردنی هێزەکانی ئەفغانستان، جێگەی نیگەرانییە
وەزیری بەرگریی ئەمریکا و دیمەنی فڕۆکەیەک بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابوول
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی شەڕنەکردنی هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، "جێگەی نیگەرانییە"، سوپاسالاری ئەمریکاش دەڵێت، دەکرێت "گرووپە تیرۆریستییەکان زوو لە ئەفغانستان ریزەکانیان یەکبخەنەوە".
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند "هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان شەڕی بزووتنەوەی تاڵیبانیان نەکرد، ئەوەش جێگەی نیگەرانیمانە"، باسی لەوەش کرد، "ماوەی 20 ساڵ راهێنان بە هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان کرا، چەک و کەرەستەی سەربازیی مۆدێرنیان بۆ دابینکرا، بەڵام شەڕیان نەکرد".
بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، "ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا، بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتییەوە بووە لەلایەن ئەفغانییەکانەوە".
هاوکات مارک میڵی، سوپاسالاری ئەمریکا رایگەیاند، "دەکرێت زووتر لەوەی بەرپرسانی سەربازیی پێشبینییان کردبوو، گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو ئەلقاعیدە ریزەکانیان لە ئەفغانستان یەکبخەنەوە".
سوپاسالاری ئەمریکا پێیوایە کە "دەکرێت دۆخی ئەفغانستان ببێتەهۆی دروستبوونی هەڕەشەیەکی گەورە".
کێڤین مکارتی، بەرپرسی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش دەڵێت "ئەوەی لە کابوول روودەدات، هاوشێوەی رۆژەکانی شەڕی ڤێتنامە".
19:52
چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان چوونە نێو کۆشکی کۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەردا گرت. بەپێی هەندێک سەرچاوە، 40 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی کابوول. باڵیۆزی ئەمریکاش لە ئەفغانستان بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان رایگەیاند، "بارودۆخی کابوول زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت و راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەنێو فڕۆکەخانەی شارەکە تەقەیە".
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە "لە هەر شوێنێک گونجاوە بۆیان، خۆیان پەنا بدەن".
لە لایەکی دیکەوە، فرانک مکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ئەفغانستان گەیشتە کەنداو. بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن، "دەکرێت هێزی زیاتر رەوانەی ئەفغانستان بکەین".
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن "لە چەند کاژێری داهاتوودا تیمێکی سەربازیی ئەمریکی دەگەنە فڕۆکەخانەی کابوول بە مەبەستی زیادکردنی گەشتەکانی تایبەت بە خێراتر گواستنەوەی ئەمریکییەکان لەو وڵاتەوە بۆ دەرەوە".
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نابێت دیمەنی هەڵاتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول، پایتەختی ئەفغانستان، بە باڵیۆزخانەکەیان لە سایگۆن، پایتەختی ڤێتنام بەراورد بکرێت و ئاماژە بەوە دەدات، "لە ئەفغانستان سەرکەوتوو بووین".
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بەسەر باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول دەسووڕانەوە، بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە هەڵاتنی ئەمریکا لە ئەفغانستان هاوشێوەی رووداوەکەی ساڵی 1975ـە لە ڤێتنام.
هەروەها میچ مەککۆنێل، سیناتۆری کۆمارییەکان ئەو کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە "شەرمەزاری" ناودەبات و بە کشانەوەکەی ساڵی 1975ی ڤێتنام دەیچوێنێت.
نیکۆلاس کەی، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لەبارەی دۆخی ئەفغانستان و بەرەوپێشچوونەکانی تاڵیبان بۆ کابوول دەڵێت، "سەری شەرمەزاری دادەنەوێنم."
17:56
وەزیری بەرگریی ئەفغانستان 'نەفرەت' لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەکات
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان و بیسمیلا محەممەدی، وەزیری بەرگریی ئەفغانستان بە وەکالەت
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جێهێشتنی وڵات لەلایەن سەرۆکی ئەفغانستانەوە، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رەخنەی تووند لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت "نەفرەت لە غەنی و دارودەستەکەی، کە ئێمەیان فرۆشت".
بیسمیلا محەممەدی، وەزیری بەرگریی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاندووە "نەفرەت لە غەنی و دارودەستەکەی، کە ئێمەیان فرۆشت". ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە 14ی ئابی 2021 ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان و بیسمیلا محەممەدی سەردانی سەنگەرێکی سەربازییان لە کابوول کرد و بەڵێنیان دا کە بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئابی 2021 دەنگۆی جێهێشتنی سەرۆکی ئەفغانستان بەرەو تاجیکستان بڵاوبووەوە.
هاوکات زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند "هێزەکانمان بۆ شوێنگرتنەوەی هێزە ئەمنییەکان دەچنە نێو کابوول، تاوەکو پشێوی دروستنەبێت".
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاشتبوونەوەی نیشتمانیی ئەفغانستان داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە هاووڵاتییان بپارێزن و بە بزووتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت "ژیرانە مامەڵە بکەن".
بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندووە، پلانی نییە کە پایتەختی ئەفغانستان بە "زەبری هێز" کۆنترۆڵ بکات.
هەفتەیەک بەر لە ئێستا سەرچاوەیەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، کابوول دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی بگرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی کابوول کاریان دەکرد، بەرپرسێکی ناتۆش دەڵێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا چوونەتە شوێنی سەلامەت و نهێنی لە پایتەختی وڵاتەکەدا. بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت، نایانەوێت لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان هیچ قوربانییەک بکەوێتەوە، بەڵام ئاگربەستیان رانەگەیاندووە.
رۆژی شەممە 14ی ئابی 2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکیک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن. دواتریش دەروازەی سنووریی تۆرخامیان کۆنترۆڵکرد، کە دەروازەیەکی سنووریی نێوان ئەفغانستان و پاکستانە، بەوەش تاکە رێگەی دەربازبوونیان لە ئەفغانستان هێشتەوە کە فڕۆکەخانەی کابوولە و هێشتا لەدەستی هێزەکانی ئەفغانستانە.
دای جەلالاباد، بزووتنەوەی تاڵیبان توانیی بە کەمێک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، دەست بەسەر باکووری شاری مەزاری شەرفیدا بگرێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئیدارەکەی لە قەتەر بە بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبانی راگەیاندووە، هەر کردەوەیەک کە سەربازان و کارمەندانی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە، "بەشێوەی تووند و خێرا وەڵامی سەربازیمان دەبێت".
لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. بایدن رایگەیاندووە، سوپای ئەفغانستان دەبێت خۆی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆنترۆڵ بکات، "مانەوەی بێ کۆتایی ئەمریکا لە ناوەڕاستی گرژیی ناوخۆی وڵاتێکی دیکە بۆ من جێگەی قبووڵ نییە".
قەتەر، کە گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، داوای لە چەکدارانی بزووتنەوەکە کردووە کە ئاگربەست رابگەیێنن.
17:46
سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان: سەرۆک وڵاتی بەرەو تاجیکستان جێهێشت
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان وڵاتی بەرەو تاجیکستان جێهێشتووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە میدیاکانی راگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە 15ی ئابی 2021 چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان چوونەتە نێو کابوول-ی پایتەختی ئەفغانستان، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیانەوە بە هێلیکۆپتەر ئەو وڵاتەیان جێهێشت.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، چەکدارانی تاڵیبان لە "هەموو لایەکەوە" چوونەتە نێو کابوول، بەڵام زانیاریی زیاتری لەوبارەیەوە نەدا.
کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لە تویتێکدا رایگەیاند، دەنگی تەقەکردن لە چەند ناوچەیەکی دەوروبەری کابوول دەبیسترێت، بەڵام بە هاوکاریی هاوکارە نێودەوڵەتییەکان، هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان توانیویانە کۆنترۆڵی شارەکە بکەن.
بەرپرسانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، دیپلۆماتکاران لە باڵیۆزخانەوە بەرەو فڕۆکەخانە رۆشتوون. سەربازی ئەمریکیی زیاتریش بۆ هاوکاریکردنی دیپلۆماتکاران دەنێردێنە ئەفغانستان بەمەبەستی جێهێشتنی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ماوەی چەند رۆژێکدا توانیی بگاتە کابوول.
هەفتەیەک بەر لە ئێستا سەرچاوەیەک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، کابوول دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی بگرێت.
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی کابوول کاریان دەکرد، بەرپرسێکی ناتۆش دەڵێت، ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا چوونەتە شوێنی سەلامەت و نهێنی لە پایتەختی وڵاتەکەدا. بەرپرسێکی بزووتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت، نایانەوێت لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان هیچ قوربانییەک بکەوێتەوە، بەڵام ئاگربەستیان رانەگەیاندووە.
رۆژی شەممە 14ی ئابی 2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکیک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن. دواتریش دەروازەی سنووریی تۆرخامیان کۆنترۆڵکرد، کە دەروازەیەکی سنووریی نێوان ئەفغانستان و پاکستانە، بەوەش تاکە رێگەی دەربازبوونیان لە ئەفغانستان هێشتەوە کە فڕۆکەخانەی کابوولە و هێشتا لەدەستی هێزەکانی ئەفغانستانە.
دای جەلالاباد، بزووتنەوەی تاڵیبان توانیی بە کەمێک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، دەست بەسەر باکووری شاری مەزاری شەرفیدا بگرێت.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئیدارەکەی لە قەتەر بە بەرپرسانی بزووتنەوەی تاڵیبانی راگەیاندووە، هەر کردەوەیەک کە سەربازان و کارمەندانی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە، "بەشێوەی تووند و خێرا وەڵامی سەربازیمان دەبێت".
لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە. بایدن رایگەیاندووە، سوپای ئەفغانستان دەبێت خۆی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆنترۆڵ بکات، "مانەوەی بێ کۆتایی ئەمریکا لە ناوەڕاستی گرژیی ناوخۆی وڵاتێکی دیکە بۆ من جێگەی قبووڵ نییە".
قەتەر، کە گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، داوای لە چەکدارانی بزووتنەوەکە کردووە کە ئاگربەست رابگەیێنن.
16:39
ئەنتۆنی بلینکن: ئەفغانستان بە ڤێتنام بەراورد مەکەن، لە ئەفغانستان سەرکەوتوو بووین
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڤێتنام لە ساڵی 1975
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نابێت دیمەنی هەڵاتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول، پایتەختی ئەفغانستان و بە باڵیۆزخانەکەیان لە سایگۆن، پایتەختی ڤێتنام بەراورد بکرێت و ئاماژە بەوە دەدات، " لە ئەفغانستان سەرکەوتوو بووین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە ئەفغانستان رۆشتوونەتە فڕۆکەخانەی کابوول و دەگەڕێنەوە ئەمریکا.
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بەسەر باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول دەسووڕانەوە، بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە هەڵاتنی ئەمریکا لە ئەفغانستان هاوشێوەی رووداوەکەی ساڵی 1975ـە لە ڤێتنام.
هەروەها میچ مەککۆنێل، سیناتۆری کۆمارییەکان ئەو کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە "شەرمەزاری" ناودەبات و بە کشانەوەکەی ساڵی 1975ی ڤێتنام دەیچوێنێت.
14:39
باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە ئەفغانستان: شەرمەزارم
نیکۆلاس کەی، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لەبارەی دۆخی ئەفغانستان و بەرەوپێشچوونەکانی تاڵیبان بۆ کابوول دەڵێت، "سەری شەرمەزاری دادەنەوێنم."
نیکۆلاس ئەو قسانەی بۆ بی بی سی کرد. لەکاتێکدا چەکدارانی تاڵیبان چوونەتە نێو چەند شارێکی پارێزگای کابوول.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبانیش قسەی بۆ بی بی سی کرد و ئاماژەی بەوە دا، فەرمان بە چەکدارەکان کراوە کە لە دەرەوەی شارەکە بمێننەوە و هەڕەشە لەسەر خەڵکی نییە. بیر لە تۆڵەکردنەوە لەوانەش ناکەنەوە کە لەگەڵ حکومەت کاریان کردووە.
گوتەبێژەکەی تاڵیبان دەڵێت، چاوەڕوانی رادەستکردنی دەسەڵاتن بەشێوەیەکی ئاشتییانە.
زیاتر بخوێنەوە
14:10
گوتەبێژی تاڵیبان: لە ئەمڕۆوە هەموو ئافرەتێک دەبێت سەرپۆش بپۆشێت
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان. وێنە: رووداو
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایدەگەیێنێت، لە ئەمڕۆوە دەبێت هەموو ئافرەتێک سەرپۆش بپۆشێت، بەڵام رێگە بە ئافرەتان دەدەن بخوێنن.
قسەکانی گوتەبێژی تاڵیبان دوای ئەوە دێت کە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بە ئاشتییانە دەسەڵاتیان رادەست بکرێت.
زیاتر بخوێنەوە
14:03
پاپا فرانسیس داوا دەکات کێشەکانی ئەفغانستان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن
پاپا فرانسیس لەکاتی خوێندنەوەی گوتارێکدا. وێنە: AFP
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان داوا دەکات ململانێکانی ئەفغانستان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتەکە بە ئارامی بژین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-08-2021 پاپا فرانسیس لەکاتی قسەکردن بۆ خەڵکی ڤاتیکان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئەفغانستان راگەیاند و ئاماژەی بەوە دا، نزا دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئارامی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
زیاتر بخوێنەوە
13:37
رووسیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
زەمیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان، وێنە: AA
رووسیا لەگەڵ چەند وڵاتێكی دیکە هەوڵی ئەوە دەدەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان بکەن.
زەمیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان بە ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، "کار لەسەر ئەوە دەکەین" کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ئەفغانستان و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە بکەن.
13:22
نوێنەرێکی سەرۆکی ئەفغانستان پیرۆزبایی لە تاڵیبان دەکات
چەند چەکدارێکی تاڵیبان لە نزیک ئەفغانستان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد عومەر، نوێنەری تایبەتی ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان بۆ کاروباری پاکستان لە فەیسبووک رایدەگەیێنێت، "هەموو بەشەکانی وڵات کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیمارەتی ئیسلامی، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان. پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا محەممەد عومەر دەڵێت، "ئێمە دووبارەی دەکەینەوە ئیمارەتی ئیسلامی بیر لەوە ناکاتەوە کە تۆڵە لە خەڵک بکاتەوە".
13:08
تاڵیبان: تاوەکو رادەستکردنی دەسەڵات روودەدات، لە دەروازەکانی کابوول دەمێنینەوە
چەند چەکدارێکی تاڵیبان لە پارێزگای لەغمان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی تاڵیبان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئەو کاتەی رادەستکردنی دەسەڵات روودەدات، چەکدارانی بزووتنەوەکە لە دەروازەکانی کابوول، پایتەختی ئەفغانستان دەمێننەوە.
شاندێکی تاڵیبان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە لەبارەی دەستاودەستکردنی "ئاشتییانەی" دەسەڵات گفتوگۆ دەکەن.
زیاتر بخوێنەوە
12:40
لەگەڵ گەیشتنی تاڵیبان بە کابوول، بەشێک لە ئەفغانییەکان هەڵدێن
لەگەڵ گەیشتنی تاڵیبان بە کابوول، بەشێک لە ئەفغانییەکان هەڵدێن
دوای ئەوەی تاڵیبان گەیشتە چەند شارێکی پارێزگای کابوول، ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکیدا دروستبووە و بەشێکیان کابوول جێدەهێڵن. هێزەکانی ئەفغانستانیش بە بەشێک لە دووکاندارانیان گوتووە دووکانەکانیان دابخەن.
ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکانن و نۆرەی ئۆتۆمبێل سەتان مەتر درێژبووەتەوە. تاڵیبان لە دەروازەکانی شارەکە هەن، بەڵام بە چەکدارەکانیان گوتووە کە رێگە بە خەڵک بدەن بە سەلامەتی دەربچن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەشێک لە خەڵکی ماڵ، ئۆتۆمبێل و خانووەکانیان جێهێشتووە و هەڵاتوون یان بەرەو فڕۆکەخانە چوونە.
زیاتر بخوێنەوە
12:29
رووداو دیجیتاڵ
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان بڕیاری دا لە چەند کاژێری داهاتوو حکومەتی ئەفغانستان رادەستی تاڵیبان بکات و حکومەتێکی کاتی دروستبکرێت.
شاندێکی تاڵیبان لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەفغانستان دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە دەکەن، ئامانجی دانوستاندنەکە رادەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتە.
پێشتر عەبدولستار میرزاکوال، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان لە ڤیدیۆیەکدا دڵنیایی دەدات لەوەی کە هاووڵاتییانی کابوول پارێزراو دەبن و رایدەگەیێنێت، هێرش ناکرێتە سەر کابوول و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە بەڕێوەدەچێت.
زیاتر بخوێنەوە
12:22
بەریتانیا هاووڵاتییەکانی لە ئەفغانستان دەباتە دەرەوە
دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان گەیشتنە کابوول، وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا هەوڵ دەدات هاووڵاتییەکانی بپارێزێت و ئەوانەی پێشتریش لەگەڵیان کاریان کردووە، لەو وڵاتە بباتە دەرەوە.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەسی ئەفغانی کە کاریان بۆ بەریتانیا کردووە، گواستووەتەوە.
زیاتر بخوێنەوە
10:48
تاڵیبان گەیشتە کابوول
فڕۆکەیەکی ئەمریکا لەسەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کابوول دەفڕێت و چەند چەکدارێکی تاڵیبان. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارانی تاڵیبان لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و سێ بەرپرسی باڵای ئەفغانستان دەڵێن، تاڵیبان گەیشتووەتە پایتەختی وڵاتەکە و لە هەموو لایەکەوە هەوڵی ئەوە دەدات بچێتە ناو شاری کابوول. هەروەها زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی تاڵیبان لە تویتەر رایدەگەیێنێت، لە کابوول شەڕ ناکەن.
عەبدولستار میرزاکوال، وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان لە ڤیدیۆیەکدا دڵنیایی دەدات لەوەی کە هاووڵاتییانی کابوول پارێزراو دەبن و رایدەگەیێنێت، هێرش ناکرێتە سەر کابوول و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە بەڕێوەدەچێت.
سێ بەرپرسی ئەفغانستان بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیان گوتووە، تاڵیبان لە هەموو لایەکەوە لە کابوول نزیکبووەتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا چەکدارانی تاڵیبان نەگەیشتوونەتە ناوەندی پارێزگاکە.
سەرۆکایەتیی ئەفغانستان لە بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکان بە هاوئاهەنگیی هێزە نێودەوڵەتییەکان دۆخی ئەمنیی کابوول دەپارێزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-08-2021 چەکدارانی تاڵیبان دوایین دەروازەی سنووریی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکرد، ئێستا تاکە رێگە بۆ دەرچوون لە وڵاتەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوولە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی تاڵیبان شاری جەلالئابادیان کۆنترۆڵکرد کە رێگەیەکی سەرەکیی بەرەو دەروازەی سنووریی پاکستان هەیە.
وەکو لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت، چەکدارانی تاڵیبان شارۆچکەی باگرامیان وەکو یەکەم قەزای سەر بە کابوول بەبێ شەڕ کۆنترۆڵکرد.
چەکدارانی تاڵیبان لە شارۆچکەی باگرامی سەر بە پارێزگای کابوول
چەکدارانی تاڵیبان لە جەلال ئاباد
تاوەکو ئێستا لە کۆی 34 ویلایەت، تاڵیبان ناوەندی 27 ویلایەتی کۆنتڕۆڵکردووە.
پێشتر تاڵیبان ناوەندی دووەم و سێیەم گەورەترین پارێزگای ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردبوو کە قەندەهار و هیراتن، هەروەها لە نێوجەرگەی کابوول شەقامەکان چۆڵیان پێوەدیارە و ترسێکی زۆر لەنێو بەشێکی زۆر خەڵکدا دروستبووە.