رووداو دیجیتاڵ
ئەورووپا بەدەست کێشەی فڕێدانی منداڵەوە گیرۆدەیە، بەشێوەیەک کە لە 11 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا "سندووقی منداڵ" دانراوە، کە هەر ژنێک منداڵەکەیی نەوێت، لەنێو ئەو سندووقە دایدەنێت، ئەگەر هەرکەسێک منداڵی ویست لەوێ هەڵیدەگرێتەوە، بەڵام زۆرجار نیوەی منداڵەکان لەنێو سندووقەکەدا دەمرن.
دۆزینەوەی کۆرپە لەنێو زبڵدان لە پایتەختی کرواتیا، زیاتر جەخت لەو راستییە دەکاتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا بەدەست کێشەی کۆرپەی فڕێدراوەوە گیرۆدەیە.
دوو یاریزان لەکاتێکدا لە وەرزش گەڕاونەتەوە، گوێیان لە دەنگی گریانی کۆرپەیەک بووە، کە تەمەنی یەک کاژێر بووە. کۆرپەکە سەلامەت بووە و هەڵیانگرتووەتەوە، دواتر ئەو دوو یاریزانە کۆرپەکەیان گەڕاندووەتەوە نەخۆشخانە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە.
بەڵام دانیشتووانی زەگرەب-ی پایتەختی کرواتیا هێشتا لە شۆکدان. نیڤینکا دانیشتووی پایتەختی کرواتیایە و دەڵێت، "بەڵێ زۆر حەپەساوم. تەنانەت پشیلەش بێچووەکانی جێناهێڵێت، ئینجا ژنێک منداڵەکەی فڕێ بدات، باوەڕ ناکرێت."
زیجیکۆ تورک، سەرۆکی شارەوانیی زاپریسیچ دەڵێت، "شەوی رابردوو دەوروبەری کاژێر 11:00 لە بەشی باکووری شارۆچکەکەمان دەنگی گریانی منداڵێک بیسترا، ئەوانەی بەوێدا رۆشتوون، راستەوخۆ لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار کردووەتەوە، پۆلیس گەیشتووەتە ئەوێ، دەرکەوتووە کە کۆرپەیەکی کوڕ فڕێدراوە کە یەک کاژێرە لەدایکبووە. دڵخۆشم کە زانیاریم پێگەیشتووە منداڵەکە دۆخی تەندروستیی باشە."
بەڵام ئەمە نە یەکەم کۆرپەیە فڕێ دەدرێت و نە چاوەڕوانیش دەکرێت دوایین بێت؛ کرواتیاش تەنیا وڵات نییە بەدەست کێشەکەوە گیرۆدەیە.
لە ئیتاڵیا، ساڵانە لە 400 هەزار لەدایکبوون، 3000 کۆرپە فڕێدەدرێن. بەگوێرەی دوایین ئاماری بەردەست، لە 2010دا لە فەرەنسا لە نزیکەی 800 هەزار لەدایکبوون، 600 کۆرپە فڕێدران.
هەرچەندە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کێشەی فڕێدانی کۆرپە کەمترە، بۆ نموونە لە ساڵیکدا لە ئەڵمانیا 60 منداڵ فڕێدراون و لە بەریتانیا 16 منداڵ؛ بەڵام لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا 11یان سیستمی 'سندووقی منداڵ' جێبەجێ دەکەن.
سندووقی منداڵ، سندووقێکە لە شوێنە گشتییەکان جێگیر کراوە و دایکان بە نهێنی منداڵی خۆیان لەنێوی بەجێدەهێڵن، ئەوانەی حەزیان بە بەخێوکردنی منداڵە، هەڵیدەگرنەوە، بەڵام زۆر جار نیوەی منداڵە جێهێڵدراوەکان بەهۆی بێ خزمەتی، دەمرن. کۆمیسیۆنی مافەکانی منداڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، سیستمەکە "تاوانە لە دژی مافی ناساندن و بەخێوکردنی منداڵ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ