جیهان
بەشێکی کوردانی دیاسپۆرا ساڵانە چەندجارێک لە ئەوروپا رێپێوان بۆ پاڵپشتیکردنی پەکەکە و "پرسی کورد" دەکەن
رووداو - هەولێر
دادگەیەکی فەرەنسا 11 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بەهۆی کامپینەکەیان بۆ داواکردنی پارە لە کوردانی دیاسپۆرا بە تۆمەتی "پارەدارکردنی تیرۆر" سزادەدات.
دانیشتنی دادگەکە رۆژی هەینی 14ـی نیسانی 2023 بەڕێوەچوو و بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، هەموو ئەوانەی تاوانبارکراون، کوردی خەڵکی باکووری کوردستانن کە "تۆزێک فەرەنسی دەزانن" و گومان دەکرێت بەشێک بن لە تۆڕێک کە داوای پارەیان لە کوردانی دیاسپۆرا بۆ پاڵپشتیی پەکەکە کردووە.
دادگەی پاریس دەڵێت، بۆیان دەرکەوتووە کە "بڕێکی بەرچاوی" پارە لە رێگەی هەڕەشەکردنەوە، لەنێویدا هەڕەشەی "دوورخستنەوە لە کۆمەڵگە" لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی پەکەکەوە کۆکراوەتەوە.
"تاوانبارەکان" لەبەردەم دادوەردا رەتیانکردووەتەوە بەشێک بن لە پارتی کرێکارانی کوردستان و گوتوویانە کە پەکەکە لە فەرەنسا نییە.
بەشێک لەوان بۆ ماوەی 3 ساڵ زیندانی دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان بۆ ماوەی 5 ساڵ لە زینداندا دەبن، بەڵام دوای ساڵێکی دیکە سزاکەیان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لێکۆڵینەوە لەم بابەتە لە ساڵی 2020دا دەستیپێکردووە، کاتێک دوو ژنی کوردی تەمەن 18 ساڵ و 19 ساڵ لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا بێسەروشوێن بوون؛ دواتر دەرکەوت کە دوو ژنەکە "لە شوێنێکی دیکەی ئەوروپا" چوونەتە ریزکانی پەکەکە.
لێکۆڵینەوەکە دەریخست کە تۆڕێک لە نزیک دامەزراوەیەکی کوردی لە شاری مارسیلیا "بۆ پاڵپشتیکردنی پەکەکە" باجیان لە دانیشتووانی کۆمەڵگەکان وەرگرتووە. بەگوێرەی دادگەی فەرەنسی، لە کاتی شایەتیدان لە دادگە و بەدواداچوون بۆ مۆبایلی تۆمەتباران، دەرکەوتووە کە " کاری هەراسانکارانە" بەرامبەر کوردانی دیاسپۆرا کراوە.
بەشێکی کوردانی دیاسپۆرا ساڵانە چەندجارێک لە ئەوروپا رێپێوان بۆ پاڵپشتیکردنی پەکەکە و "پرسی کورد" دەکەن؛ لە فەرەنسا نزیکەی 150 هەزار کورد هەن، لە هۆڵەندا ژمارەی کوردەکان نزیکەی 100 هەزار کەس دەبێت و لە ئەڵمانیاش نزیکەی یەک ملیۆن کورد دەژین. لێکۆڵەران دەڵێن، ساڵانە نزیکەی 2.2 ملیۆن دۆلار لە شارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا لەو جۆرە کەمپەینانە کۆدەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ