گالەری

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لەنێو ئاهەنگگێڕانی لایەنگر و هەوادارانی یانەی کانزاسی چیفی فوتبۆڵی ئەمریکی، کەسێک کوژرا و 22ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
رووداوەکە لە ناوەندی ئەو شارە لە ویلایەتی کانزاس لە ناوەڕاستی ئەمریکا بووە و پۆلیسی کانزاسیش رایگەیاندووە سێ گومانلێکراویان دەستگیر کردووە، یەکێک لە گومانلێکراوەکانیش لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر رادەستی پۆلیس کراوە. 
 
بەرپرسانی تەندروستی رایانگەیاندووە لەنێو بریندارەکان، نۆ منداڵ هەن. 
 
رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو بەکاتی هەولێر، لە کاتی ئاهەنگگێڕانی لایەنگرانی ئەو یانە وەرزشییە بوو بەبۆنەی بردنەوەی ناسناوی "سوپەر بۆڵ".  
 
لەوبارەیەوە، ستەیسی گرەیڤس، بەڕێوەبەری پۆلیسی کانزاس، رایگەیاند "لێکۆڵینەوەیەکی وردمان لەبارەی رووداوەکە دەستپپێکردووە، بەڵام هێشتا ئامانجی هێرشەکە نەزاندراوە."
 
هەروەها پۆلیس دەڵێت ژمارەیەک لە بریندارەکان "تەندروستییان ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە."
 
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی کوژراوە، ئافرەتێک بووە و کاری دیجەی میوزیکی کردووە، لەرووداوەکەدا بە سەختی بریندار بووە، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەکاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستداوە. 
 
لە پاش هێرشەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و جارێکی دیکە داوای لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد چاکسازی لە یاسای چەکهەڵگرتندا بکەن و، گوتی "رووداوەکەی ئەمڕۆ ناخهەژێنە و دەبێت هەڵوێستمان هەبێت و شەرمەزارمان بکات بەوەی کردارمان هەبێت."  
 
داواشی لە ئەمریکییەکان کرد گوشار بخەنە سەر کۆنگرێس تاوەکو بۆ دواجار بڕیار لەسەر قەدەخەکردنی چەک بدات.
 
رووداوی تەقەکردن، بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا دادەنرێت و تەنیا لە مانگ و نیوی یەکەمی ئەمساڵدا 49 رووداوی تەقەکردن روویانداوە و بەهۆیانەوە، 98 کەس کوژران و زیاتر لە 120 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، 604 رووداوی تەقەکردن لە سەرانسەری ئەمریکا روویاندا و بەهۆیانەوە، 746 کەس کوژران و زیاتر لە دوو هەزار و 440 کەسی دیکەش بریندار بوون. کە لەنێو ئەو رووداوانەی تەقەکردن، 10ـیان لەنێو قوتابخانە و زانکۆکانی ئەمریکا روویاندا.