رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خێرخوازیی ئۆکسفامی بەریتانی رایگەیاند، لە 2020ـەوە داهاتی پێنج دەوڵەمەندترین پیاوانی جیهان دوو هێندە زیادیکردووە. داواش لە وڵاتان دەکات، لەسەر سیاسەتی باج بەرەوڕووی هەژموونی دەوڵەمەندە لەڕادەبەدەرەکان ببنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئۆکسفام، پێنج دەوڵەمەندەکەی جیهان لە 2023دا سامانی ساڵانەیان لە 405 ملیار دۆلارەوە بۆ 869 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. ئۆکسفام دەڵێت، "ئەمە هاوکاتە لەگەڵ خراپبوونی گوزەرانی زیاتر لە 5 ملیار خەڵک لە سەرتاسەری جیهان."
هەریەک لە ئێلۆن مەسک، بێرنارد ئارنۆڵت، جێف بیزۆس، لاری ئیلیسن و مارک زوکەربێرگ لە پێنج دەوڵەمەندترینەکانی جیهانن.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئۆکسفام، کە بەر لە دەستپێکردنی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بڵاوکرایەوە، بۆئەوەی سەرکردەکان کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەوێن، قسە لەسەر ئەو لایەنەش بکەن. ئەمڕۆ ملیاردێرەکان بە بڕی 3.3 تریلیۆن دۆلار دەوڵەمەندترن لە 2020، ئەمە سەرەڕای چەندین قەیران کە زیانیان بە ئابووریی جیهان گەیاندووە، بە کۆرۆناشەوە.
ئەمیتاب بەهار، بەڕێوەبەری کاربەڕێکەری ئۆکسفام گوتی، "ناکرێت چیدی ئەو ئاستەی نایەکسانی قبووڵ بکەین، ئەو دەوڵەمەندبوونە ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرمایەداری لە بەرژەوەندیی چینی دەوڵەمەندە."
بەڕێوەبەرەکەی ئۆکسفام هۆشداریشی دا، دەوڵەمەندتربوونی دەستەبژێرێک بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لە یەک دەیەی داهاتوودا جیهان یەکەمین تریلیۆنێر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئۆکسفام هۆکارێکی ئەم داهات زیادکردنەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کەرتی تایبەت لە سەرتاسەری جیهان بەدوای نزمترین بەهای پشکەکان، سپیکردنەوە، خۆدزینەوە لە باج، ناشەفافی و رێگەی جیاواز بۆ گەڕاندنەوەی کەمترین پارە بۆ سندووقی گشتی دەگەڕێن.
باجدان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ساڵی 1980وە بەراورد بە 2022 لە 48% دابەزیوە بۆ 23.1%.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ