رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە سەرکردەکانی جیهان دەگەڕێنەوە کەشە سارد و بەفراوییەکەی داڤۆس؛ بەڵام بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی گەرمترین بابەتەکانی رۆژ.
سەرنجێکی کۆڕبەندەکە، جەنگی ئۆکراینایە، کە لە 24ی شوباتی 2022ەوە هەڵگیرساوە و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل کوژراون.
ئیگنازیۆ دانیێلێ جیۆڤانی، وەزیری دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، "وڵاتان پێکەوە لە داڤۆس گفتوگۆ لەبارەی ئاشتی دەکەن. ئەمەش واتە بەدەستهێنانی ئاشتی؛ ئاشتی لە ئۆکراینا و ئاشتی لە شوێنەکانی دیکەی جیهان. ئێوە دەزانن کە مەبەستمان کوێیە. ئۆکراینا دەستبەجێ پێویستی بە ئاشتییە. زستان لە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینایە نەک لە داڤۆس، بۆیە دەبێت ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین، بۆئەوەی ئۆکراینا کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت."
کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر شەڕ لە غەززە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 24 هەزار کەس کوژراون، کە دوو لەسەر سێیان ژن و منداڵن.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس بابەتێکی دیکەی مشتومڕهەڵگری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییە، کە مەترسیی لێدەکرێت تەشەنە بسەنێت و بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاوببێتەوە.
بۆرگێ براندا، سەرۆکی کۆربەندی ئابووریی جیهان دەڵێت، "دەزانین کە جەنگ لە غەززە هێشتا بەردەوامە و نیگەرانیی ئەوە هەیە جەنگەکە زیاتر هەڵکشێت، کە خۆی لێ بەدوور گیراوە. لێرە لە داڤۆس بەرپرسان بەدوای رێگەچارەیەک دەگەڕێن کە بزانن چۆن خۆیان لە هەڵچوونی شەڕ بەدوور بگرن."
54ەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی بە بەشداریی 2800 میوان لە 120 وڵات و هەروەها 60 سەرۆک و سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ