محەممەد عەلی کلای کۆچی دواییکرد

14-10-2014
سیروان عەباس
نیشانەکردن محەممەد عەلی کلای
A+ A-

رووداو-ئاژانسەکان

دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لەرزۆکی، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بۆکسێنەری بەناوبانگی جیهانی و ئەمریکا کاسیۆس مارسیلۆس کلای جۆنیۆر ناسراو بە محەممەد عەلی کلای لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

کاسیۆس مارسیلۆس کلای جۆنیۆر  یاریزانی بۆسکێنەری ئەمریکی ناسراو بە محەممەد عەلی کلای لەدایکبووی 17ی یەنایەری 1942 لە خێزانێکی مەسیحی لە شاری لویفیل لە ویلایەتی کنتاکی. لەماوەی 20 ساڵدا سێ جار بووە بە یەکەمی جیهان بۆ کێشی سووک لە ساڵانی 1964، 1974و1978.

لە ساڵی 1999 عەلی کلای دەستنیشانکرا وەکو باشترین یاریزانی سەدە، کلای خاوەن خێراترین لێدانی بۆکسە لە مێژوودا بە خێرایی 900کم لە کاژێرێکدا.

لە ساڵی 1964 کلای توانی هەموو جیهان تووشی شۆک بکات کاتێک توانی لە بۆکسێنەری بەناوبانگی جیهان (سۆنی لیستۆن) بباتەوە، کە ئەوکات تەمەنی تەنها 22 ساڵ بوو، دوای ئەو سەرکەوتنانە لە ساڵی 1965 مسوڵمانبوونی خۆی راگەیاند و ناوی خۆی گۆڕی بۆ محەممەد عەلی تەنها ناوی کۆتایی (کلای)وەک خۆی هێشتەوە کە لای ئەو ناوێکی پیرۆزە و بە واتای هەنجیر دێت و ئەمەش لە قورئاندا هاتووە.

محەممەد عەلی لەو سەردەمە هەستیارەدا مسوڵمانبوونی خۆی راگەیاند بەبێ گوێدانە ئەوەی کاردانەوەی جەماوەر و جیهان چی دەبێت، چونکە لەو سەردەمەدا بەناوبانگترین بۆسکێنەری جیهان بوو، ئەمە وایکرد زیاتر لە جیهان و بە تایبەت وڵاتانی ئیسلامی بناسرێت.

لە ساڵی 1967 کاتێک لە لوتکەی ئاست بەرزیدا بوو، نازناوەکانی لێسەندرایەوە بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە خزمەتی سەربازی بکات و بەشداربێت لە جەنگی ڤێتنام وەکو سەربازێکی ئەمریکی.
لە ساڵی 1970 جارێکی دیکە محەممەد عەلی کلای گەڕایەوە بۆ یاریکردن و لە یارییەکی گرنگدا کە بە (یاری سەدە) ناسرابوو، توانی لە سێ یاریدا دوو جار لە بۆکسێنەری بەناوبانگ (جۆ فرێزەر) بباتەوە.

لە ساڵی 1974 کلای لە ئەنجامێکی سەخت و چاوەڕواننەکراودا بەرامبەر بۆکسێنەر "فۆرمان" دۆڕاو جیهان و ئەمریکا بەم دۆڕانە سەرسام بوون.

 لە ژیانی خۆیدا 61 یاری ئەنجامداوە و توانیویەتی 56 سەرکەوتن بەدەست بهێنیت، دوای کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشی خۆی تووشی نەخۆشی لەرزۆکی بوو، ئەم نەخۆشیە تەواو بێهێزی کرد، بەڵام هەرگیز لە ژیان بێئومێدی نەکردووە و هەمیشە دەڵێت: خودا باشتر دەزانێت نەک ئێمە، ئەوەی خودا بیهێنێت بێ حیکمەت نییە.

کلای لە ژیانی خۆیدا چوار جار هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی 7 کچ و 2 کوڕە، یەکەمین هاوسەری " سۆنجی رۆی"بوو کە لە ساڵی 1964 زەماوەندی لەگەڵ کرد. دواتر لە ساڵی 1966 بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبوو ملکەچی ئاینەکەی مێردەکەی ببێت و پۆشاکی ئیسلامی بپپۆشێت لێی جیادەبێتەوە.

محەممەد عەلی کلای لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکان کۆڵی نەداوە و تەمەن و نەخۆشی دووریان نەخستووەتەوە لە دونیای وەرزش و وەرزش دۆستان، لە ئۆڵۆمپیاتی لەندەنی ساڵی 2012 خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا وەکو یاریزانێکی ناودار و گەورەی بۆکسێن لە مێژوودا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە