توێژینەوەیەک: 85%ـی هاونیشتمانییانی باشووری کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق رۆژانە نوێژ دەکەن

14-08-2024
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 98%ـی دانیشتووانی ئیندۆنیزیا پێیانوایە ئایین لە ژیانی رۆژانەدا زۆر گرنگە و 95%یشیان دەڵێن، رۆژانە نوێژ دەکەن. ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپاش باس لەوە دەکەن، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا بەلایانەوە گرنگ نییە. 
 
سەنتەری توێژینەوەی (پیو)ـی ئەمریکی ئەنجامی توێژینەوە و راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە، کە لە ساڵانی 2008 تاوەکو 2023 لە 102 وڵات، ناوچە و هەرێمی جیهان کردوویەتی و جەخت لەسەر گرنگی ئایین دەکاتەوە. دوو پرسیار لە هاووڵاتییانی ئەو 102 وڵات و هەرێمەی جیهان کراوە. پرسیاری یەکەم، "ئایین چەندە لە ژیانتدا گرنگە؟" پرسیاری دووەم: "چەندە نوێژ دەکەیت؟" 
 
گرنگی ئایین لە ژیانی رۆژانە
 
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریدەخات کە لە ئیندۆنیزیا و سەنیگال 98%ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، ئایین زۆر بەلایانەوە گرنگە لە ژیانی رۆژانەیاندا. لە پلەی سێیەم پاکستان بە نزیکەی 95% و دواتریش مالی، تەنزانیا، سریلانکا، گینیا بیساو، هندۆراس، رواندا و زامبیا دێن و 90% و زیاتری ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، ئایین لە ژیانی رۆژانەیاندا گرنگە.
 
ژاپۆن لە ریزبەندی یەکەمی هەموو وڵات و هەرێمەکان دێت کە دانیشتووانەکەیان گوتوویانە ئایین لە ژیانی رۆژانەیاندا زۆر گرنگ نییە و تەنیا نزیکەی 5%ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە پێیانوایە، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا گرنگە. 
 
دوای ژاپۆن، وڵاتانی ئیستۆنیا، چیک، دانیمارک، سویسرا، بەریتانیا، سوێد، لاتیڤا دێن و نزیکەی 10% و کەمتری دانیشتووانیان رایانگەیاندووە، ئایین لە ژیانی رۆژانەیاندا گرنگە. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە، نزیکەی 81%ـی ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتییانەی لە باشووری کوردستان و عێراق بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، ئایین لە ژیانی رۆژانەدا گرنگە. رێژەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا نزیکەی 68%، فەلەستین نزیکەی 85%، ئوردون نزیکەی 83%یە. بۆچوونی هاونیشتمانی و هاووڵاتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەروەها رۆژئاوای کوردستان و سووریا وەرنەگیراوە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە هەیە، 42%ی دانیشتووانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئایین لە ژیانی رۆژانەیاندا گرنگە. رێژەکە لە رووسیا نزیکەی 17%، بەریتانیا نزیکەی 10%، فەرەنسا و ئەڵمانیا نزیکەی 11%یە. 
 
نوێژکردن لە وڵاتانی جیهان 
 
کاتێک بابەتەکە دێتە سەر نوێژکردن، ئیندۆنیزیا لە ریزبەندی یەکەم دەمێنێتەوە و 95%ی ئەو کەسانەی بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، رۆژانە نوێژ دەکەن. دواتریش هاووڵاتییانی نایجیریا، سەنیگال دێن. باشووری کوردستان و عێراقیش لە ریزبەندی چوارەم دێن و نزیکەی 85%ـی ئەو کەسانەی بۆچوونیان وەرگیراوە رایانگەیاندووە، رۆژانە نوێژ دەکەن.
 
ئەو وڵاتانەش کە کەمترینی هاووڵاتییەکانی رۆژانە نوێژ دەکەن بەریتانیایە و کەمتر 5%ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە گوتویانە رۆژانە نوێژ دەکەن. سویسرا، نەمسا، ئەڵمانیا، ئیستۆنیا، چیک، دانیمارک یەک لە دوای یەک لە پلەی دووەم تاوەکو حەوتەم دێن لەوەی هاووڵاتییەکانیان کەم نوێژ دەکەن و رێژەکە لە خوار 10%یە. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەوە هەیە، نزیکەی 78%ـی فەلەستینییەکان و ئوردنییەکان، 59%ی دانیشتووانی باکووری کوردستان و تورکیا، 43%ی دانیشتووانی ئەمریکا، 17%ی دانیشتووانی رووسیا، 10%ی دانیشتووانی فەرەنسا گوتوویانە رۆژانە نوێژ دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهوو دەردەکات

دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و محەممەد زێف، فەرماندەی سەربازیی حەماس دەردەکات.