کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن 2025؛ جیهانی فرە جەمسەری و گۆڕانکارییە نوێیەکان

14-02-2025
سیروان عەباس
نیشانەکردن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

61ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 14 تاوەکو 16 شوباتی 2025 لە میونشن بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسەکە سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە سەرەکییەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە.
 
کۆنفرانسی میونشن، گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایشی جیهانییە کە ساڵانە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1963ـەوە دەبەسترێت.
 
هەموو ساڵێک سەدان کەسایەتی گرنگی جیهانی لەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن و باس لە گرنگترین کێشە و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی جیهانی دەکەن. کۆنفرانسەکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە نزیککردنەوەی روانگەکان و دروستکردنی متمانە لە نێوان وڵاتاندا.
 
گرنگترین ئەو سەرکردانەی لە کۆنفرانسی میونشن 2025 بەشداری دەکەن
 
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆک، سەرکردە، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی وڵاتانی جیهان بەشداری دەکەن، گفتوگۆ لەسەر کێشە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی جیهان دەکەن، پرسە گرنگەکانی وەک شەڕ، تیرۆر، گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی سایبەری تاوتوێ دەکرێن.
 
بڕیارە فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا گوتاری دەستپێکی کۆنفرانسەکە بخوێنێتەوە، دواتر کریستۆڤ هۆێسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گوتارێک پێشکێش دەکات.
 
گرنگترین ئەو کەسایەتییانەی بەشداریی لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن دەکەن:
 
ئورسولا ڤۆن دێر لێین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کە تاوەکو ئێستا ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە.
 
 
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن 2025دا
 
پێنجشه‌ممه‌، 13.02.2025، دڵشاد شەهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان رايگه‌ياند، "به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌شداريكردن له‌ كاره‌كانى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، گه‌يشتووه‌ته‌ ئه‌ڵمانيا".
 
گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تیی هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها گوتى: "سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ميانى سێ رۆژى كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌شدارن، چه‌ندين ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت و ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان و دوا پێشهاته‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، گفتوگۆ ده‌كات و بيروڕا ده‌گۆڕێته‌وه‌."
 
نوێنەری رێڤەبەری خۆسەر لە کۆنفرانسی میونشن
 
د. یونس بەهرام، لە جیاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاڤا)، لە کۆنفرانسی میونشن بەشداری دەکات و قسە دەکات. 
 
یونس بەهرام، سیاسەتمەدار و رووناکبیرێکی کوردە کە سەرۆکایەتی فۆرۆمی ئەڵمانی-کوردی (DKF) دەکات، رێکخراوێک کە بەرپرسە لە پەرەپێدانی کاروباری رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا.  
 
بەپێی میدیایەکی نزیکی رێڤەبەری خۆسەر، لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا، د. بەهرام بەشداری لە گفتوگۆیەکدا دەکات بە ناونیشانی "خاڵی وەرچەرخان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: دۆخ و ئاسۆکان لەژێر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و کۆمیسیۆنی نوێی یەکێتی ئەورووپا". 
 
پانێڵەکە، کە بەهاوبەشی لەلایەن دامەزراوەی هانس-سایدڵ و پەیمانگای رۆژهەڵاتی ئەڵمانی رێکخراوە، تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی داهاتووی سیاسیی سووریا، کاریگەری ئێران و ستراتیجەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا لە ناوچەکەدا.
 
دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریا لە کۆنفرانسەکەدا 
 
بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە لەکاتێکدایە، کە چەند رۆژێکە ئاگربەستی غەززە جێبەجێ کراوە و هێشتا دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل-حەماس، شەڕی ئیسرائیل-حیزبوڵڵا، کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و تووندکردنەوەی گوشارەکانی سەر ئێران ئاسایی نەبووەتەوە. 
 
کۆنفرانسەکە پێشوازی لە 60 سەرۆک  و سەرکردە دەکات و دەبێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکان، گفتوگۆکانی ئاشتی و ئاگربەست لە غەززە هەروەها پەیوەندی و ئەرک و پابەندییە سەربازییەکانی رۆژئاوا بەرامبەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەبنە بەشێک لەو گفتوگۆیانە .
 
کۆنفرانسەکە لە "کاتێکی هەستیاردا" دەکرێت
 
ماڵپەڕی تایبەتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن MSC لەبارەی کۆنفرانسەکەی ئەمساڵەوە دەڵێت: کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە ئیدارەیەکی  نوێ لە ئەمریکا دەستبەکاربووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا تەنیا یەک هەفتە دوای کۆنفرانسەکە بەرێوەدەچێت، چاوەکان لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەورووپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکان، بەتایبەت بۆ پرسەکانی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پەیوەندی چین و ئەمریکا و ئاسایش و قەیرانە جیهانییەکان.
 
رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 ستێفن هێبێسترێت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی "هیچ ئاماژەیەکی روونم لێ دیار نییە کە [کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا] نزیک بێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن."
 
بەپێی زانیارییەکان، گفتوگۆکانی ئەم ساڵ لە میونشن لەسەر ئۆکراینا زەق نابنەوە و باس ناکرێن، مەگەر سەرکردە و بەرپرسان لە گوتارەکانیاندا ئاماژەی پێ بکەن.
 
کۆنفرانسەکە رۆژێک دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:" لە سعودیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە، هەروەها کۆشکی سپی رایگەیاند: "وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کۆدەبنەوە."

 

بڕیارە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی هەینی 16-02-2025، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە دا لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و باسی ئۆکراینا بکەن.
 
هێبێسترێت گوتی: "نابێت هیچ بڕیارێک لەسەر ئۆکراینا بەبێ ئۆکراینا بدرێت، مەرجە ئەوان خۆیان بڕیار بدەن کە چۆن لەگەڵ رووسیا دەچنە نێو دانوستاندنەکانەوە."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتیشی: "ئاسانترین رێگە [بۆ راگرتنی جەنگ]، ئەوەیە سەرۆکی رووسیا سەربازەکانی خۆی بکشێنێتەوە و ئەو هەڵمەتە رابگرێت، کە گیانی سەدان هەزار کەسی سەندووە و چەندانیشی بریندار کردووە."
 
سەرۆکی نوێی کۆنفرانسەکە و ئەجێندای سەرەکی
 
لە رۆژی هەینی، بەرنامەی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بە تیشک خستنە سەر ئاڵنگارییە جیهانییەکانی ئاسایش دەست پێدەکات، لەوانە حوکمڕانی جیهانی، دیموکراسی، ئاسایشی کەشوهەوا و چەندین بابەتی دیکە. 
 
لە رۆژی شەممە، گفتوگۆکان لەسەر دۆخی سیستەمی نێودەوڵەتی و هەروەها ململانێ و قەیرانە هەرێمییەکان بەڕێوە دەچن. داهاتووی هاوبەشی ترانس ئەتڵەسیش تەوەرێکی سەرەکی رۆژی دووەمی کۆنفرانسەکە دەبێت. 
 
لە رۆژی یەکشەممە، کۆنفرانسەکە بە گفتوگۆکان لەسەر 'رۆڵی ئەورووپا لە جیهان دا' کۆتایی دێت.
 
لە کۆتایی رۆژی سێیەم و دوایین رۆژی کۆنفرانسەکە، یێنس ستۆڵتنبێرگ، جێگەی کریستۆف هۆیسگن دەگرێتەوە وەک سەرۆکی نوێی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
 
راپۆرتی "فرە جەمسەری"
 
ساڵانە، پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە، راپۆرتێک بە گۆشەیەکی دیاریکراو لە میونشن بڵاودەکرێتەوە و ئەم ساڵ سەرنجی راپۆرتەکە لەسەر فرە جەمسەرییە، بە واتای:
 
1. دابەشبوونی هێز و دەسەڵات لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەسەر چەند هێز و دەوڵەتێکی سەرەکیدا، لە جیاتی ئەوەی تەنیا یەک یان دوو هێزی زلهێز هەبن.
 
2. لە دوای کۆتایی جەنگی سارد، جیهان بۆ ماوەیەک یەک جەمسەری بوو (بە سەرکردایەتی ئەمریکا)، بەڵام ئێستا جیهان بەرەو سیستەمێکی فرە جەمسەری دەڕوات کە تیێیدا چەند هێزێکی گەورە لەوانە ئەمریکا، چین، رووسیا، یەکێتیی ئەورووپا و هیندستان.
بەمشێوەیە ئەو دۆخە کاریگەری هەیە لەسەر:
 
- پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
- هاوسەنگیی هێز لە جیهان دا
- شێوازی بڕیاردان لە پرسە نێودەوڵەتییەکان دا
- ئابووری جیهان
- هاوپەیمانێتییە سەربازی و سیاسییەکان
 
بەپێی نێوەڕۆکی راپۆرتەکە، "چیدیکە یەک جەمسەر لە جیهاندا نییە و ئەمریکا تاکە وڵاتی بەهێز نییە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی جیهان بکات، ئیدارەیەکی نوێ لە ئەمریکا هەیە  و دروشمی " ئەمریکا پێش هەموو شتێک"  بەرزکردووەتەوە. ناوەندەکانی هێز لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە؛ یەکێتیی ئەورووپا، چین، رووسیا، هیندستان، بەرازیل و هەندێک ناوەندی دیکە، دەتوانن رۆل بگێرن و کاریگەری دروست بکەن.
 
پەیوەندیی ئەورووپا و ئەمریکا شێوەی کۆنفرانسەکە دیاری دەکات
 
پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا هەموو کات لە چوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هێڵە نوێکانیان دیاریکردووە، سەرەڕای ناکۆکییەکان لەوێدا هەوڵی نزیککردنەوەی بۆچوونەکان دەدرێت، میدیای فەرمی ئەڵمانیا دەڵێت: "لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک، نیگەرانی زیاتر لە پەیوەندییەکان دروست بووە، بۆیە کۆنفرانسەکە بەردەوامە ئاماژەی ئەوە بووە کە پەیوەندییەکانی ترانس-ئەتڵەنتیک لە چ ئاستێکدایە؟ چاوەڕێ دەکرێت لە کۆنفرانسەکەدا زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر ئەوە بن پەیوەندی نێوان ئەورووپا و ئیدارەی نوێ چۆن بێت؟ بەتایبەت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا."
 
هەرچەندە کۆنفرانسەکە تەنیا گفتوگۆ و راوێژ و کۆبوونەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی داهاتووی زۆر پرس دیاری دەکات؛ چاوی زۆری لەسەرە. 
 
ترەمپ دەڵێت: "یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، فێڵیان لێکردووین چ لە بازرگانی یان لە ناتۆ دا." قسەکانی ترەمپ لە راپۆرتی ئاسایشی میونشندا هاتووە. ترەمپ هەروەها گوتوویەتی:" ئەگەر پارە نەدەن، ناتانپارێزین."
 
هەروەها خاڵێکی دیکە بەپێی راپۆرتی ئاسایشی میونشن "دەرکەوتنی کاریگەریی گەورەی بڕینی هاوکاری رێکخراوەکانە لەلایەن ئەمریکاوە.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە