جەیمس وێب ساتی لەدایکبوونی گەلە ئەستێرەیەک وێنەدەگرێت

13-07-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
گەلە ئەستێرەیەک کە بە چاوی جەیمس وێب وێنە گیراوە. وێنە: AFP
گەلە ئەستێرەیەک کە بە چاوی جەیمس وێب وێنە گیراوە. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڵاوکردنەوەی چەند دیمەنێکی گەردوون بە کوالیتی بەرز، تێلیسکۆپی جەیمس وێب وێنەیەکی نوێی 50 ئەستێرە بڵاودەکاتەوە کە ناسا دەڵێت، ئەو ئەستێرانە هاوشێوەی کۆرپە، ساتی دوای لەدایکبوونیانە.
 
ئێریک سمیز، زانای پرۆگرامسازی لە بەرنامەی تێلیسکۆپی جەیمس وێب دەڵێت، "ئەگەر ملیاران ساڵ لەمەوبەر بمانتوانیبایە سەیری پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆری خۆمان بکەین، شتێکی لەمجۆرەمان دەبینی کە لە بەشی سەرەوەی وێنەکە دەیبینین."
 
ئەو بەشە سوورەی سەرەوەی وێنەکە گەردیلەی هایدرۆجینن لەکاتی پێکهاتنی ئەستێرەکان دەتەقنەوە، لە خوارەوەش گازێکی پرشنگدار دەبینرێت کە بە پاڵپشتی ئەستێرەکانی دی دەدرەوشێتەوە.
 

نزیکترین ناوچەی دروستبوونی ئەستێرە لە مرۆڤ، دوورییەکەی 390 ساڵی رووناکییە.
 
ئەوەی لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەدا دەیبینن هی ساڵی 1633یە، رێک ئەو ساڵەیە کە گالیلۆ گالیلی ئەستێرەناسی ئیتاڵی گوتی زەوی بەدەوری خۆر دەسوڕێتەوە کە هەر لەسەر ئەم بیردۆزە لەلایەن کەنیسەی کاسۆلیکەوە سەرکۆنەکرا و دواتر زیندانیکرا.
 

 

ماکارینا گارسیا لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا دەڵێت، "ئەمانە لەسەرەتای پێکهاتنیانن، ئەمانە منداڵە ئەستێرەن، ئەوێ وەکو نەخۆشخانەی لەدایکبوونی ئەستێرە وایە. سەرەڕای جوانییەکەی، پەیکەری خۆی هەیە و چالاکیی زۆر لەوێ دەگوزەرێ."
 
وێنە نوێیەکان کە بە تێلیسکۆپێکی 10 ملیار دۆلاری گیراوە، سێبەر لە پشتی ئەستێرەکان پیشاندەدەن، کە زاناکان دەڵێن لەوەدەچێت ئەمانەش ساتی لەدایکوونی هەسارەی دیکە بن.
 
تەمووزی 2022 تەلەسکۆپی جەیمس وێب جێگەی تێلیسکۆپی هەبڵی گرتەوە کە 33 ساڵبوو بەدەوری زەویدا دیمەنی گەردوونی تۆماردەکرد.
 
تێلیسکۆپی جەیمس وێب گەورەترین و بەهێزترین چاوی تەکنەلۆژیایە لە گەردوون بڕوانێت و گرانبەهاترینیشە کە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانکراوە. 
 

100 ملیۆن ساڵ لەدوای بینگ بانگ 
 
جارێکی دیکە ناسا لە رێگەی تێلیسکۆپە زەبەلاحەکەی سەرساممان دەکات، ئەوەش بە دۆزینەوەی رووناکییەکی دیکە لە تاریکایی گەردوون کە باوەڕ وایە مێژووەکەی بۆ دەستپێکی درووستبوونی گەردوون بگەڕێتەوە.
 
ئەگەر بە زمانی ژمارە بدوێین؛ بۆ 13.7 ملیار ساڵ لەمەوبەر، واتە 100 ملیۆن ساڵ دوای روودانی بینگ بانگ دروستبووە. 
 
دۆزینەوەی ئەمجارەی تێلیسکۆپەکە جوانیی گەلە ئەستێرەکان لەسەر شێوەی تۆڕێکی پڕشنگدار پیشاندەدەن کە دوورییان سێ ملیۆن ساڵ رووناکییە و بەیەکەوە بەستراون.
 
ناسا دەڵێت، دوای 20 ساڵ لێکۆڵینەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە گەردوون لەسەر چەند پایەیەک لەسەر شێوەی ئەسکەلە بونیاتنراوە.
 
جەین ریگبی، زانای پرۆژەی ئۆپەراسیۆنەکانی وێب دەڵێت، "ئامانجەکەمان ئەوەبوو تێلیسکۆپێک دروستبکەین 100 هێندەی ئەوەی پێشتر چاکمانکردووە بەهێز بێت. دەزانین لەسەر رێچکە راستەکە دەڕۆین تاوەکو ئەو پێویستییە زانستیانە ئاشکرابکەین کە گرنگن بۆمان. ئەو وێنە ئەندازیارییانەی ئەمڕۆ بینیمانن بەوپەڕی تواناکانی هەبڵ روون و ئاشکران."
 
لە هەنگاوێکی دیکەی سەرسامکەردا ناسا دوورترین چاڵی رەشی لەگەردوون دۆزیەوە. بێگومان، دوورترین لە ئاست توانای تەلیسکۆپەکان.
ناسا هەروەها دەیان گەلە ئەستێرەمان لە دەوری رووناکییەک پێشان دەدات لەسەر شێوەی ئەستێرەیەکی گەورە؛ ناسا دەڵێت ئەمە دوایین تەقینەوەی چالاکییە بەرلەوەی ئەستێرەیەکی گەورە بکوژێتەوە.
 
ئامبر ستراون، کارمەندی ناسا باس لەوە دەکات، "ئەوەی لەم دیمەنە جوانە لەنێوەڕاستی ئەستێرەیەک دەیبینین، رووناکی ئەم ئەستێرەیە 15 هەزار ساڵە بەنێو بۆشایی ئاسماندا دەڕوات؛ 15 هەزار ساڵ رووناکی دووربوون تاوەکو کەوتنە بەر لێنزی تێلیسکۆپەکە."
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە