رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک لەمەوبەر کڕیار لە مۆڵە زەبەلاحەکانی مەککە بە پەنجەی دەست دەژمێردران. ئێستا حاجیانی ماڵی خودا پڕیان کردووە لە خێر و بێر.
هیچ دووکانێک نییە لە مەککە ئەمڕۆ بازاڕی نەبێت. مانگی حەج مانگی هەنگوینیی دووکاندارانی مەککەیە.
بەندەر غوەیری، دووکاندارە و دەڵێت: "جووڵەی بازرگانی نایابە و بازاڕەکان نایابن. حاجیان دیاری لە مەککەی پیرۆز دەکڕن کە خاکەکەیان بەلاوە پیرۆزە. ئەم شتانە لە وڵاتانی خۆشیان هەن، بەڵام کە لێرەی دەکڕن بەلایانەوە پیرۆزە بەو پێیەی خاکەکەی پیرۆزە."
ئەوەی لە مۆڵەکانی مەککە دەفرۆشرێن زیاتر کەرەستەی دیارین وەکو بۆن، جلوبەرگ، کاتژمێری دەستی.
ژووری بازرگانیی مەککە پێشبینی دەکات داهاتی ئەم ساڵی سعودیە لە حەج بگاتە 15 ملیار دۆلار
جەمال محەممەد دووکاندارە و تەنیا لەم مانگەدا بەقەد تەواوی ساڵەکە بۆن دەفرۆشێت، دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا لە بووژانەوەدایە. هەتاوەکو پێش حەجیش ژمارەی سەردانکەران باشبوو. بەتایبەتی پار و پێرار ژمارەی سەردانکەران نائاسایی بوو. بەو پێیەی من 18 ساڵە لەم ناوە کاردەکەم، ئەو جوڵەیەی ئێستا هەیە زۆری جیاوازە لە رابردوو."
تاوەکو رۆژی سێشەممە ملیۆنێک و نیو حاجی گەیشتنە ماڵی خودا.
سعودیە چاوەڕواندەکات ژمارەی حاجیانی ئەم ساڵ ژمارەی ساڵی رابردوو تێپەڕێنێت کە 1.8 ملیۆن حاجی بوو.
پێش کۆرۆنا و بەدیاریکراوی لە 2019دا زیاتر لە 2.4 ملیۆن حاجی سەردانی سعودیەیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ