لە بەریتانیا توێژینەوە لەبارەی پەیوەندی نێوان پیادە و ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر دەکرێت

14-06-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە
تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تاقیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان پیادە و ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێرە لە زانکۆی نۆتینگهامی بەریتانیا. شۆفێرەکە خۆی حەشارداوە، تاوەکو خەڵک نەزانن کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە دەکات.
 
ماوەی چەند رۆژێک بوو ئۆتۆمبێلەکە بە دەوری زانکۆکەدا هاتووچۆی دەکرد، ئامانجی ئەوە بوو کە ئایە خەڵک متمانەیان بە ئۆتۆمبێلەکە هەیە یان نا.
 
دایڤد لارج، توێژەرە لە زانکۆی نۆتینگهام و دەڵێت، "هێشتا پرسیار لەسەر شێوازی کاردانەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هەیە. ئێمە لەگەڵ ئۆتۆمبێلە نەریتییەکان راهاتووین، بەڵام ئەمەیان جیاوازە، پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن بزانیت ئۆتۆمبێلەکە ئاگاداری تۆیە یان نا. ئەمانە تاوەکو زووتر چارەسەر بکرێن باشترە."
 
کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی نەریتیدا دەکەیت، دەتوانیت بە سەیرکردنی رووخساری شۆفێرەکە تێبگەیت کە دەتوانی بپەڕیتەوە یان نا.
 
زانکۆکە لە بری رووخساری شۆفێر، شاشەیەکیان لە پێشی ئۆتۆمبێلەکە داناوە و بە کەسەکە دەڵێت، بپەڕێتەوە یان نا. بەپێی ئەنجامی تاقیکردنەوەکەی زانکۆی نۆتینگهام، خەڵک ئاسوودە بوون لەگەڵ شاشەکەدا و متمانەی پێدەکەن.
 
دایڤد لارج ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەوەی روون بوو لە میتۆدی شیکارییەکە کە لە رێگەی ڤیدیۆ و پرسیارەوە کرا ئەوە بوو، کە خەڵک متمانەیان بە هێماکانی سەر شاشەی ئۆتۆمبێلەکە هەبوو و لەگەڵ ئەوەدا ئاسوودە بوون."
 
ساڵانە یەک ملیۆن و 350 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ دەمرن. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە ئەگەر ئۆتۆمبێلی بێشۆفێر جێگەی ئۆتۆمبێلی نەریتی بگرێتەوە، ئەو ژمارەیە هەڵدەکشێت یان دادەکشێت؟ بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمپانیای راپرسی مێککەنسی، کاتێک ئۆتۆمبێلی بێشۆفێر بە تەواوی شوێنی ئۆتۆمبێلی نەریتی دەگرێتەوە، رووداوەکانی هاتووچۆ 90٪ کەم دەبنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە