رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 40 ساڵە ئاستی ئاوی دەریای کاریبیان لە کەناراوەکانی کۆڵۆمبیا بەرزدەبێتەوە. ئەو کەسانەی لەنزیک کەناراوەکان دەژین، تازە بە تازە کە ئاو گەیشتووەتە بەر دەرگەی ماڵیان، هەست بە مەترسییەکە دەکەن.
لە چەند مانگی رابردوودا شەپۆلە تووندەکانی دەریا گۆڕستانی شارۆچکەی تیێرا بۆمبایان هەڵتەکاند و ئێسک و پرووسکیان دەرخست. ئەمڕۆ مەترسی لەسەر زیندووەکانیش دروستبووە.
کێلی مێندۆزا، دانیشتووی تیێرا بۆمبا دەڵێت، "بەڕاستی ترسم هەیە کاتێک شەپۆلەکان بەر دیوارەکە دەکەون. وا هەست دەکەم دیوارەکە دەخەنە خوارەوە. دەترسم بە جێگەوە خۆم لەنێو دەریادا ببینمەوە. لە ژیانمدا لەوە زیاتر نەترساوم."
تاوەکو ئێستا بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا زیانی بە 250 خانوو و باڵەخانەی حکومەت گەیاندووە.
لە کەناراوەکانی شاری کارتاگینا، لە سەرەتای سەتەی 21ـەوە ئاستی ئاو 7 میلیمەتر بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان لەسەر ئاستی جیهان، کە 2.9 میلیمەترە.
مارکۆ تۆسیک، ژینگەناس دەڵێت، "بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا لە کارتاجینا دوو هۆکاری هەیە. یەکێکیان گۆڕانی کەشوهەوایە کە ئاستی ئاوی دەریای لە سەرتاسەری جیهان بەرزکردووەتەوە؛ کێشەی داتەپینی زەویش هەیە."
کۆڵۆمبیا خاوەنی کێشەیەکی دیکەی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوایە؛ بە دووریی تەنیا 15 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی بۆگۆتای پایتەخت و لە نزیک شارۆچکەی لا کلێرا وشکەساڵی و بێ ئاوی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ