ناسا: لە هەموو کاتێک نزیکترین مرۆڤ بگەڕێنینەوە سەر مانگ

13-03-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
ناسا دەڵێت، کارەکانی بەگوێرەی پلان دەڕۆن و لە ئەیلوولی 2026 مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر مانگ
ناسا دەڵێت، کارەکانی بەگوێرەی پلان دەڕۆن و لە ئەیلوولی 2026 مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر مانگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نیشتنەوەی رۆبۆتی ئۆدیسووس لە 22ـی شوباتی 2024 لەسەر مانگ، یەکەمین هەنگاوی ناسا بوو بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ سەر هەسارەکە.
 
هەرچەندە رۆبۆتەکەی کۆمپانیای ئینتوتیڤ مەشینز بە رێکی لەسەر مانگ نەنیشتەوە و لە شەش قاچی قاچێکی شکا، بەڵام تاوەکو تیشکی خۆر لە خانەخۆرەکانی دا، وێنە و زانیاری ناردەوە سەر زەوی.
 
بەپێی زانیارییەکان بێت، کارەکانی ناسا بەگوێرەی پلان دەڕۆن و لە ئەیلوولی 2026 مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر مانگ.
 
کاتێرین کۆنەر، یاریدەدەری بەڕێوەبەر بۆ پشکنینی سیستمەکان دەڵێت، "لە هەموو کاتێک نزیکترین مرۆڤ بگەڕێنینەوە سەر مانگ. ئەم بودجەیە پاڵپشتیی تواناکانمان دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ بمێنینەوە بۆ ئەوەی پشکنینی زانستی بکەین و تواناکان پەرەپێبدەین بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندیی هەموو ئەو تاقیکردنەوە زانستییانەی دەیکەین، مرۆڤ بنێرینە سەر مەریخ."
 
پرۆسەی گەڕاندنەوەی مرۆڤ لە رێگەی بەرنامەی ئارتیمیس سێ، بێ ئاستەنگ نییە، گەورەترین ئاستەنگیش بۆ ناسا بودجەیە.
 
لە بودجەی 2024دا، ناسا داوای 27.2 ملیار دۆلاری کرد، 24.9 ملیاری بۆ پەسندکرا. ناسا لەو بڕینە نیگەرانە و داوای کردووە بۆ ساڵی داهاتوو 25.4 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام درک بەوەدەکات کە ئەمریکا لە کەرتەکانی دیکەش پێویستی بە بودجەیە و سوپاسگوزاریشە کە لەوەتەی بایدن هاتووەتە دەسەڵات، بودجەکەی 9٪ زیادی کردووە.
 
بیڵ نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا دەڵێت، "ئەمە بەهۆی ئەو کەسانەوەیە کە لە کۆشکی سپی و کۆنگرێس و لەنێو ئەم باڵەخانەیەش پاڵپشتیمان دەکەن؛ هەوڵدەدەن و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی ئەو پارەمان دەستکەوێت کە دەمانەوێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەستێرەکان."
 
ناسا 118 ملیۆن دۆلاری دایە کۆمپانیای کەرتی تایبەتی ئینتوتیڤ مەشینز بۆ نیشتنەوەی رۆبۆتە شەش قاچییەکە لەسەر مانگ، ئاژانسەکە پێیوایە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ 30 ملیار دۆلاری پێویستە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە