'فریادڕەسەکەی ئەرجەنتین' دەڵێت: پارەمان نییە

13-12-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەرجەنتین
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەرجەنتین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەندێک بە ترەمپی ئەمریکای لاتین ناوی دەبەن، هەندێکیش پێی دەڵێن سەرۆکە سەر شێتەکە، بەشێکیش بە فریادڕەسی ئەرجەنتینی دەزانن، بەڵام هەرچیێکی ناوبنێن، خافیێر میلێی، سەرۆکە راستڕۆکە لە گوتاری دەستبەکاربوونی، ئەرجەنتینییەکانی تووشی شۆککرد کاتێک گوتی، "پارەمان نییە."
 
خافیێر میلێی، سەرۆکی نوێی ئەرجەنتینە، لە گوتارەکەیدا دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند، "بۆ ئەوەی وردە وردە رێوشوێنەکان جێبەجێ بکەین، دەبێت پاڵپشتیی داراییمان هەبێت، بەڵام بەداخەوە دەبێت جارێکی دیکە پێتان بڵێمەوە، پارە نییە."
 
خافیێر میلێی بەوە وازی نەهێنا، کۆمەڵێک رێوشوێنی راگەیاند، لەوەدەچێت پێویست بکات ماوەیەک ئەرجەنتینییەکان کەمێک لە خەرجییەکانیان بگرنەوە.
 
هەڵاوسان لە ئەرجەنتین گەیشتووەتە 144٪ و 40٪ـی ئەرجەنتینییەکان لە چینی هەژارن، ئەرجەنتین 44 ملیار دۆلار قەرزداری سندووقی نێودەوڵەتیی دراوە. خافیێر میلێی دەڵێت، دەبێت سیستمی سکهەڵگوشین جێبەجێ بکەین. بەشێک لەوانەی دەنگیان پێی داوە، دەڵێن گرنگ ئەوەیە لەو قەیرانە رزگاریان بێت.
 
کریستیانا ڤیسیوس، هاووڵاتی ئەرجەنتینییە، ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو هیوایەکمان پێی هەیە. هیوا بۆ باشترین دەخوازین. ئاسان نابێت، بەڵام سەردەکەوێت. بەمزووانە دەبینە خاوەنی ئەو وڵاتەی هەمیشە خەونمان پێیەوە بینیوە."
 
هەرچەندە میلێی بە گوڕوتینێکی زۆرەوە هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسیی ئەرجەنتین و لە کامپەینی هەڵبژاردنەکاندا مشارێکی بەرزکردەوە گوایە سیستمی حوکمڕانی دەبڕێتەوە، بەڵام مشارەکە بووە بە سیستمی دژایەتیکردنی سەرۆکە نوێکە و هەندێک دەڵێن، ئەمە لە بڕینەوەی خەڵک زیاتر هیچی دیکە نییە.
 
خافیێر میلێی لە پلانی دایە، کابینەی حکومەت لە 18 وەزارەتەوە بۆ 9 وەزارەت کەم بکاتەوە، لەباربردنی منداڵ نەهێڵێت، بانکی ناوەندیی ئەرجەنتین نەهێڵێت، دراوی پیسۆ بە دۆلار بگۆڕێتەوە، لە رێککەوتنەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکشێتەوە، چونکە باوەڕی پێیان نییە. هەرچەندە بەشێک لەوانە پێویستیان بە دەستکاریکردنی دەستوور هەیە، بەڵام ئەوە روونە کە لەوانەیە لە 18 مانگ بۆ 3 ساڵی داهاتوو خەڵکی ئەرجەنتین کونی زیاتر لە قایشی کەمەریان بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە