وشکەساڵی ئاژەڵدارانی ئەفریقا ناچار دەکات مەڕوماڵاتەکەیان بفرۆشن و وشتر بەخێوبکەن

12-08-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
چەند وشترێک لە کینیا.
چەند وشترێک لە کینیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عەبدوڵڵاهی، ئاژەڵدارێکە لە سنووری شاری لایکیپیا لە نێوەڕاستی کینیا و پار 30 سەر مانگای هەبوو. بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە هەموویان لەنێوچوون.
 
پیاوە ریش سپییە تەمەن 65 ساڵەکە، کە باوکی 15 منداڵە، زانی خەفەتخواردن دادی نادا، بێ بیرکردنەوە رۆیشت و 20 سەر وشتری کڕی.
 
ئەم ساڵ پاڵی لێ داوەتەوە، وشترەکانی ئاوێکی کەمیان دەوێ و هەموو جۆرە رووەکێکی خۆڕسکیش دەخۆن.
 
 
عەبدوڵاهی محەممەد، جوتیارە و دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی سەوزایی راگرتنی مەڕوماڵات سەختە. بەڵام بەخێوکردنی وشتر ئاسانە بەو پێیەی لەسەر رووەکی خۆڕسک دەژیت و دەتوانێت بەرگەی دۆخی سەختیش بگرێت."
 
لە کینیا هەر مانگایەک بایی 150 دۆلارە و وشتریش نرخی تا 600 دۆلار دەڕوات.
 
موسالیا پیتی، هاووڵاتییەکی هۆزی سامبورویە و دەڵێت: "وشکەساڵی سەریهەڵدا 50 سەر مانگامان هەبوو. سەرجەمیانمان فرۆشت و پێنج وشترمان کڕی. ئەوان بەرگەی وشکەساڵی زیاتر دەگرن. هەر کە باران باری، دوو بۆ سێ وشتر دەفرۆشێن و مانگا بۆ شیر دەکڕین."
 
هۆزی سامبورو لە نێوەڕاستی کینیا جاران مارەبڕییان لەسەر چەند سەر مانگایەک بوو. لەوانەیە کەمبوونەوەی مەڕوماڵات وابکات پێداچوونەوە بە گرێبەستی هاوژینییدا بکەن.
 
لێسیان سامپیر، هاووڵای کینیاییە و باس لەوە دەکات: "لەوانەیە ئێستا پاساوت هەبێ ئەگەر مەڕوماڵات وەکو مارەیی نەبەخشی، بەڵام باشتر وایە مانگایەک بە دیاری بدەیتە دایک و باوکی کچە. ئەمە وادەکات کچی خۆیان بدەن بە تۆ."
 
بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەدانی قەیرانی نیشتیمانیی کینیا دەڵێت، لە 2022 نزیکەی 2.6 ملیۆن مەڕوماڵات بەهۆی وشکەساڵییەوە لەنێوچوون، زیانەکە بە 1 ملیار و 753 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی حەرەمی مەککە.

سعودیە ئەمڕۆ سزای حەجی بێ مۆڵەت جێبەجێ دەکات

سعودیە سزای تووندی هەر کەسێک دەدات کە بێ مۆڵەت حەج دەکات و ئەمڕۆ بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشمانییان دەکات خۆیان لە حەجی بۆ مۆڵەت دوور بگرن.