لووتکەی ناتۆ کاتی ئەندامبوونی ئۆکراینای یەکلانەکردەوە

12-07-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ. وێنە: AFP
کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێش دەستپێکردنی لووتکەی ناتۆ لە شاری ڤیلنیەسی پایتەختی لیتوانیا، بەشێکی ئۆکراینییەکان هیوایان بە ئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە هەبوو، بەڵام هاوپەیمانییەکە هیچ رۆژێکی بۆ بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ دەستنیشان نەکرد.
 
ئاڵا گۆسلینگ، هاووڵاتییەکەی ئۆکراینییە و دەڵێت، "راشکاو بم، هیوایەکی زۆرمان هەیە لە بەرژەوەندیی ئۆکراینا بڕیار بدرێت و وڵاتەکەمان ببێتە ئەندامی ناتۆ."
 
یان ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، "هاوپەیمانان لەسەر پاکێجێکی سێ رێکاری بۆ نزیککردنەوەی ئۆکراینا لە ناتۆ رێککەوتن. یەکەم، پرۆگرامێکی هاوکاریی سەربازی کە ئۆکرینا لە سەردەمی سۆڤیەتەوە دەهێنێتە سەردەمی ناتۆ. دووەم، دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی نوێ لەنێوان ئۆکراینا و ناتۆ بۆ راوێژکردن و بڕیاردان. سێیەم، رێکارەکانی بەردەم ئۆکراینا بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ لادەبرێن کاتێک ئۆکراینا مەرجەکانی جێبەجێکردن و هاوپەیمانان لەسەر بە ئەندامبوونی کۆک بوون."
 
مادەی پێنجی ئەو رێککەوتنەی بووەتە بناخەی دروستکردنی ناتۆ دەڵێت، هێرش بۆسەر هەر ئەندامێکی ناتۆ هێرشە بۆسەر هەموو ئەندامەکانی. ئەمەش واتای ئەوەیە، پەسندکردنی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ، تەواوی هاوپەیمانییە سەربازییەکە دەباتە نێو جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیاوە؛ شتێک کە هیچ کام لە ئەندامەکانی نایانەوێت. 
 
کەجا کالاس، سەرۆکوەزیرانی ئیستۆنیا دەڵێت، "هیچ کەس نایەوێت ئەم شەڕە لەوەی ئێستا هەیە زیاتر و گەورەتر بێت. هەربۆیە ئەوەی کە ئێمە دەیکەین بریتییە لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا بۆ ئەوەی ئۆکراینییەکان بتوانن بەرگری بکەن و رووسەکان بۆ رووسیا پاشەکشە پێ بکەن".
 
ئەو پاڵپشتییەی سەرۆکوەزیرانی ئیستونیا باسی دەکات بۆ ئێستای ئۆکراینا یەکجار گرنگە. ئەمریکا بە بەهای 46 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکێشی ئۆکراینا کردووە؛ بڕی ئەو هاوکارییەش لە لایەن ئەندامانی دیکەی ناتۆوە بۆ کیێڤ 22 ملیار دۆلار بووە. ئۆکراینا پێویستی بەو پاڵپشتییە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی هێرشەکەی رووسیا بووەستێتەوە.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە