رووداو - لۆبۆمێز، بوڵگاریا
"ئای بۆ ئەو ئێوارانەی دەگەڵ خانەوادەكەم لەدوای تەواوكردنی كاری تۆڕنە، دەچووینە رۆخ دەریاچەی زرێبار و پشوومان دەدا، چاییەكی خەڵووزی دەستی دایكممان بە شەكری كوڵاوی پڕ لەگوێزەوە نۆش دەكرد، بەڕوانین لە دار و زەوەندی نێو زرێوار و بینینی ئاوابوونی رۆژ، چەند بە چێژ و خۆش بوو، دەبێ كەی بگەڕێمەوە و دەستی دایكی دڵبەخەم و دڵشكاوم ماچ بكەم؟".
سەباح عەبدوڵڵایی، سەرگوزشتەی رێگەی ئەوروپا و چۆنیەتی رزگاربوونی لە مەرگ، لە زیندانی "لۆبۆمێز"ەوە بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە.
سەباح لەدوای 10 رۆژ مانەوەی لە توركیا، بەڕێنوێنی دوو رێبەری ئەفغانی بەرەو بولگاریا دەكەوێتە رێ "لە ئیستنەبوڵەوە تاوەكو سنوور بە ئۆتۆمبێل رۆیشتین، ئێمەیان خستە نێو ماشێنەوە و وەكو ئاژەڵ مامەڵەیان لەگەڵ كردین. هەر لە سەرەتای رێگاوە ناخۆشی دەستیپێكرد، بەلای چەند خانوویەكی كۆندا رۆیشتین، لەوێ رێبەرەكان دەستیانكرد بە كێشانی تریاك. بەم شەوە تاریكە، نزیكەی 50 كەس كەوتبووینە دوای رێبەری تریاككێش و حەبخۆر كە ماندووناناسێ و بەها بۆ كۆچبەرەكانی دانانێ".
لەدوای ماوەیەكی كەم، بەشێك لە كۆچبەرەكان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان هەڵكشابوو، توانای ڕێكردنیان نەما، بە "پلیز پلیز و لوتفەن" بۆ ماوەیەك رێبەرەكان پشوو دەدەن. وەلێ محەمەدی تەمەن 55 ساڵی جگەرەكێش كە تەواو شەكەت و ماندوو بوو، داوای یارمەتی لە سەباح دەكات و ئەویش بەڵێنی پێدەدات جێی نەهێڵێ.
سەباح درێژە بە گێڕانەوەكەی دەدات و دەڵێت "محەممەد لە دوای گشت كۆچبەرەكانەوە، منیش لەتەكیدا دەڕۆیشم، تووشی دڕكوداڵ بووین، زیاتر لە 10 خولەك بەناو ئەو ئازارەدا رۆیشتین، تەنانەت دڕكەكان هێندە تیژ بوون، بەشێك لە جلوبەرگەكانمانی دڕی. دڵخۆش بووین لەوێ رزگارمان بوو، لەكاتی راكردن لە پڕدا، پێڵاوم لە پێدا نەما، ئای خودایە ئەمە چ بەدبەختییەكە تووشم بوو، خۆم چاوم كزە، دەستێكم بە چاویلكەكەمەوە و بە دەستەكەی دی دەست لە زەوی دەدەم و بەدوای تاكە پێڵاوەكەمدا دەگەڕێم، بیر و خەیاڵم لای كۆچبەرانە كە جێیان هێشتووم. تاكە پێڵاوەكەم دۆزییەوە و بەپەلە لەپێمكرد و تا توانام هەبوو رامكرد و هاوار هاوار، بۆ ئەوەی پۆلە كۆچبەرەكە بدۆزمەوە، زیاتر لە پێنج خولەك رۆیشتم تا گەیشتمەوە ئەوان".
رێبەرەكەیان لە ناكاودا بە زمانی ئەفغانی دەڵێت: "بشین، بشین" واتە "دانیشن، دانیشن"، پێدەچێ رێگەی ونكردبێ، چاو لە (Gps) دەكات و لەوێدا بۆیان دەردەكەوێ رێگەی ون كردووە. سەباح گوتی "رێبەر نەبوو، رێ ونكەر بوو، بەشێوەی هیلالی رێگەی كردبوو، دوو كاتژمێری دیكە رۆیشتباین، دەگەیشتینەوە ئەستەنبوڵ".
لەو كاتەدا، چەند پۆلیسێكی بولگاری بە سەگەوە لێیان وەدەردەكەون و لایتیان لێدەدەن. چواردەوریان دەگرن و رێبەرەكانیش وەك كۆچبەر خۆیان دەناسێنن.
سەباح باسی مامەڵەی پۆلیسەكان دەكات و دەڵێت: "كەمێك لەولای كۆچبەرەكانی دیكە دانیشتبووم، پۆلیسێكیان هات، بەهەموو توانایەوە شەقێكی لێدام، خۆم لەلایەك و چاویلكەكەم لەلایەك كەوتین، لەوێ هەموومانیان لەسەر سك لەسەر زەوی درێژ كرد و هەرچی پارە و مۆبایل و كەلوپەلی بەنرخمان لابوو وەریانگرت، ئینجا ئێمەیان وەپێش خۆیان دا و لە سنووری بولگاریا دەریانكردین".
ئەمجارە رێبەر پێیاندەڵێ دوای بكەون، رێگەیەكی دیكە پێدەزانێ. سەباح دەڵێت "10 كاژێر بەبێ مۆبایل و (Gps) كەوتینەوە ڕێ، لەدوای دوو كاتژمێرێ پۆلێكی دیكەی كۆچبەرمان بینی، رێبەرەكەمان چووە لای رێبەرەكەیان كە هەردووكیان ئەفغانی بوون، بە زمانی خۆیان چەند قسەیەكیان كرد و ئێمەشیان لەگەڵ ئەوان دا، گروپەكەمان فراوان بوو، نزیكەی بووینە 100 كەس".
محەمەدی تەمەن 55 ساڵ، تەواو شەكەت و ماندووە، دەڵێ: توانای هەڵگرتنی پشتەكۆڵم نەماوە، پشتەكۆڵێكی گەورە، هەموو كەلوپەلێكی تێدایە، تەنانەت پەتۆشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، لەوێ جانتاكەی فڕێدا و كۆچبەرە ئەفغانییەكان پەلاماریاندا و خەریكبوو لەسەری بەشەڕبێن. لەدوای ماوەیەكی دی گوتی ئێستا خۆشم ناتوانم ڕێ بكەم، گوتی "بمكوژن، ناتوانم، هەر سەیری كێوەكەی دەكرد كە بڕیار بوو پێیدا سەركەوین، لەبەرخۆیەوە دەیگوت بەخوا دواجار بوومە خۆراكی دڕندەكانی ئەم جەنگەڵە".
رێبەر دەستیكردەوە بەڕێكردن بەرەو شاخێكی بەرز، محەممەدیش رەنگی وەبەرنەماوە، تكا لە كۆچبەرە كوردەكان دەكا، بەتەنێ جێی نەهێڵن، وەلێ كەس بەهای بۆ قسەكەی دانەنا و تێكڕا بەیەكەوە رۆیشتن، بەڵام سەباح لەسەر بەڵێنەكەی خۆی ما. سەباح دەڵێ "بینینی فرمێسكی چاوانی وای لێكردم جێینەهێڵم و لەگەڵیدا بمێنمەوە و تكامان لە رێبەرەكەمان كرد، لەدوای گەیاندنی ئەو كۆچبەرانە بەدواماندا بێتەوە".
رۆژ بەرەو تاریكی دەچێ، دەشێ رێبەرەكان بەدوایاندا نەیەنەوە، بەڵام سەباح هاوڕێكەی جێناهێڵێ. سەباح دەڵێت: "بۆ سەلامەتیی گیانی خۆمان ئاگرێكم كردەوە، ئەو یەكڕاست لێی خەوت و منیش دارم كۆكردەوە و ئاگرەكەم درێژ كردەوە، ئێمە لە چاوەڕوانیی رێبەردا بووین، بەڵام نەهات و نەهات".
هەرچۆنێ بێ رۆژ دەكەنەوە، بەڵام ئەمجارە تینوێتی و برسێتی تەنگیان پێهەڵدەچنێ، بەناچاری و پاش بێئومێدبوونیان لەگەڕانەوەی رێبەرەكە، بەڕێدەكەون.
سەباح دەڵێت: "لەڕێگادا بەڕوویەكی بچووكمان بینی، بەڕوو وەك ژاڵە تاڵە، بەڕوویەكت خواردبا، دەبوو یەك دەبە ئاوی لەدوا بخۆی، ئاویش نییە. لەبن بەردێكی گەورە ئاوی رەنگ زەردی لێ بوو، لە كۆلا دەچوو، لێی نزیك بووینەوە بیخۆین، پیسیی بۆنەكەی لە كەللەی داین، بەڵام لووتمان گرت و خواردمانەوە و هەرچی دەبە و قوتووی ئەو ناوە هەبوو كۆمانكردەوە و پڕمانكرد لە ئاو، لەگەڵ خۆمان بردمان، شەوی دووەمی تەنیاییمان بە دیار ئاگرەوە بەڕێكرد، خەریكە دەمرین لە برسان، لە باخچەیەك نزیك بووینەوە، پڕ بەدەنگ هاوارمان دەكرد، كەسێ وەدیار نەكەوت، شەوی سێیەمیش بەهەمانشێوەی دوو شەوەكەی پێشوو تێپەڕی، جار جار دوو بە دوو دەگریاین".
سەباح بە دڵتەنگییەوە لە قسەكردن بەردەوامە و دەڵێ: "رۆژی چوارەم لە رێكردن بەردەوام بووین، لەلای تەپۆڵكەیەكەوە بەڕێكەوتین، لەدوای چوار كاتژمێر لە ڕۆیشتن گەیشتینەوە هەمان شوێن، واتە بە دەوری تەپۆڵكەكەدا سووڕابووینەوە. هەرچۆنێ بێ، ئەو رۆژە گەیشتینە ئاوەدانی و لەلایەن پۆلیسی بولگارییەوە دەستگیركراین".
ئێستا سەباح لە زیندان ئازادكراوە و لە سۆفیا خەریكی كاری تۆڕنەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ