رووسیا لەبارەی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ: وەڵاممان دەبێت

11-07-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کرێملین دەڵێت بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی رووسیا دەبێت، بۆیە بەگوێرەی رێوشوێنەکان وەڵامیان دەبێت.
 
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، تورکیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆ پابەندییەکانی خۆی بەجێهێناوە، بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە مۆسکۆ و ئەنقەرە خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن و دەڵێت: "بەنیازبووین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زیاتر پەرە پێبدەین."
 
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە ئەنقەرە  رازی بوو رێگە بە ستۆکهۆڵم بدات ببێتە ئەندامی ناتۆ و بڕیارە پرۆسەکە بچێتە پەرلەمامی تورکیا، هەنگاریاش دەڵێت پرۆسەکە تەنیا 'هەنگاوێکی تەکنیکی' ماوە.
 
لە 4ی نیسانی 2023ـش فینلاند بووە 31ـەمین ئەندامی ناتۆ دوای ئەوەی لە لایەن 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانییەتەکە رەزامەندی لەسەر درا. پەیوەندیکردنی هەردوو وڵاتەکە بە ناتۆ لەکاتێکدایە، لە 24ی شوباتی 2022 رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا نەیانتوانی بە نووسراو گەرەنتی بدەنە مۆسکۆ کە وڵاتەکە نابێتە ئەندام لە رێکخراوەکە.
 
رووسیا دەڵێت هاوپەیمانێتیی ناتۆ سنوورەکەی بە ئاراستەی رووسیا لە هەڵکشانە و هۆشداریشیداوە لە دانانی چەکی ئەتۆمی لەنزیک سنوورەکانی.
 
ئێستا زیاتر لە 16 مانگ بەسەر شەڕی ئۆکراینا تێپەڕدەبێت و هیچ ئاسۆیەکی گەش نییە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕەکە بەمزووانە.
 
زیلینسکی توڕەیە
 
لەسەروبەندی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ڤیڵنیوسی پایتەختی لیتوانیا، زیلینسکی داوای لە هاوپەیمانییەکە کردووە ئۆکراینا بکەنە ئەندام، بەڵام وڵاتان هیچ وەڵامێکی کۆنکرێتییان بە سەرۆکی ئۆکراینا نەداوەتەوە.
 

 

ئەمڕۆ سێشەممە، زیلینسکی رەخنەی لە "نادڵنیایی" و "لاوازیی" ناتۆ گرت کە بڕیار لەسەر ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانییەکە نادەن، دەڵێت هەر ئەمە بوو رووسیای هاندا هێرش بکاتە سەریان. 
 
زیلینسکی لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسی: "بێ پێشێنە و گەمژانەیە کاتێک نە وادەیەک بۆ بە ئەندامبوونی ئۆکراینا دادەنێی، نە بانگهێشتی دەکەی."
 
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەش دەڵێت کە هیچ ئامادەکارییەک نییە بۆ بانگهێشتکردنی ئۆکراینا بۆ نێو ناتۆ و بە ئەندامکردنی لە هاوپەیمانییەکە."
 
زیلینسکی لە کۆتا قسەکانی دەڵێت، "بۆ رووسیا، ئەمە واتا بەردەوامبوون لە کردەوە تیرۆرییەکانی."
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە