فینلاند دوای 19 ساڵ هاونیشتمانییەکی نیڤشکان بەبێ رەزامەندی دیپۆرت دەکاتەوە

11-02-2024
سیروان عەباس
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی فینلاند، بەبێ رەزامەندی، دوو هاونیشتمانی و دوو عێراقی دیپۆرت دەکاتەوە کە یەکێک لە کوردەکان نیڤشکانە و قاچی چەپی کارناکات، بڕبڕەی پشتی و حەوزی شکاوە.
 
مەریوان مەحموود عەوڵڵا، یەکێکە لەو چوار کەسەی کە "بە زۆر" دیپۆرتکراونەتەوە و بە رووداوی گوت: "23 ساڵە چوومەتە ئەوروپا و 19 ساڵە لە فینلاندم، کەچی دوای ئەو هەموو ساڵانە، بە کۆتکراوی و بە زۆر، پەنجەمۆریان پێکردم و رەوانەی بەغدایان کردمەوە."
 
مەریوان مەحموود ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا تەندروستیم باش نییە و دەبێ دەرمان بخۆم، بەڵام دەرمانم نەماوە و لەکاتی دیپۆرتکردنەوەش، تەنیا بەشی ئەوەندەیان پێداوم کە پێی بگەمە بەغدا.
 
بە 21 ساڵی رۆشت و بە 44 ساڵی و بە نیڤشکانی گەڕاندیانەوە
 
مەریوان مەحموود عەوڵڵا، لەدایکبووی ساڵی 1980یە لە قەزای دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2001، چووەتە ئەوروپا، دواتر لە ساڵی 2005ـەوە چووەتە فینلاند و لەو وڵاتە 19 ساڵ ژیاوە. 
 

مەریوان دەڵێت، ساڵی 2001 چووەتە دەرەوە و ساڵی 2005 چووەتە فینلاند، لەوێ مافی مانەوەیان پێدا، بەڵام کاتیی بووە و لە جۆری (B) بووە، واتە نەیتوانیوە کار بکات و هیچ هاوکارییەکیش نەکراوە؛ "بەڵام لە ساڵی چوارەمدا ئیقامەکەم گۆڕدرا، چونکە ئەوکات یاریزانی تۆپی پێ بووم، بۆیان کردم بە جۆری (A)، ئەوەش چوار ساڵ بوو، واتە لە ساڵی 2015دا تەواوبوو، لەوکاتەوە تائێستا مافی مانەوەم نییە و رەتم دەکەنەوە."
 
"چەند نەشتەرگەرییەکم بۆ کراوە و دەبێ بەردەوام پزیشک چاودێریم بکات"
 
مەریوان نەخۆشە و چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە و "بەردەوام پێویستی بە چاودێریی پزیشکییە." لەبارەی هۆکاری نیڤشکانییەکەی دەڵێت " لە سەربان کەوتوومەتە خوار و قاچی چەپم بەباشی کار ناکات، حەوز و فەقەراتم شکاون، تەنانەت بە سۆندە میز دەکەم."
 
مەریوان دەڵێت، "لە هێلسنکی پایتەخت لە خانوودا دەژیام، بەڵام لە کۆتاییی ساڵی 2023 لە خانوودەکەم دەریان کردم، ناردمیان بۆ کامپێک بەناوی پونابۆری  لە هەمان شار."

 

 
دوای پێنج هەفتە مانەوە لە کامپەکە، دوو پۆلیس دێن و بە مەریوان دەڵێن: دەبێ واژۆ لەسەر دیپۆرتکردنەوەت بکەیت. "من رەتمکردەوە، ئەوانیش پەیوەندییان کرد و چەند پۆلیسێک هاتن و بە زۆر منیان برد. گوتیان ئەگەر واژۆ نەکەیت، بە زۆر پێت دەکەین، ئیدی دەستمیان لە پشتەوە کۆت کرد و بە سێ پۆلیس پەنجەکانیان کردمەوە و مۆریان پێکردم."
 
مەریوان دەڵێت "سەرەڕای ئەوە، گوتیان دوای ناردنەوە دوو هەزار یۆرۆت وەکو قەرەبووی رێگە پێدەدەین، بەڵام ئەوەشیان نەدا و تەنیا 200 یۆرۆیان پێدام، لەکاتێکدا بەڵگەم لایە کە بۆم نووسراوە 2000 یۆرۆم پێبدەن."
 
دیپۆرتکراوەکان، چوار کەس بوون، دوو گەنجی عێراقی کە خەڵکی بەغدا بوون، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانی و مەریوان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.