رووداو دیجیتاڵ
گوشارەکانی سەر ئیسرائیل لەبارەی شەڕی غەززە و کوشتنی خەڵکی سڤیل گەیشتووەتە ئاستێک، میدیای ئەمریکی دەڵێت، جۆ بایدن لە هەموو کاتێک نزیکترە لە لێکترازان لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، رەتکردنەوەی پێشنیاز و بۆچوونەکانی ئەمریکا لەبارەی شەڕەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە "چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکای نیگەران کردووە."
بەگوتەی شەش بەرپرس کە قسەیان بۆ واشنتن پۆست کردووە و نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، لەوەتەی شەڕی غەززە دەستی پێکردووە، هیچ کاتێک بەقەد ئەمجارە بایدن و راوێژکارە باڵاکانی لەگەڵ نەتەنیاهوو ناکۆکییان نەبووە. بەڵام پەیوەندی 40 ساڵەی بایدن لەگەڵ نەتەنیاهوو نەبووەتە هۆی ئەوەی رەخنە وتێبینییەکان بە ئاشكرا و لەبەرچاوی خەڵك باسبکرێن.
توڕەیی ئیدارەی بایدن لە نەتەنیاهوو لەکاتێکدایە، سەرەڕای لانیکەم پێنج سەردانی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و چەند سەردانێکی بەرپرسە باڵاکانی دیکە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە، نەتەنیاهوو لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەردەوامە و رژدە لەسەر تێکشاندنی یەکجارەکیی حەماس کە خەڵكی سڤیل باجی یەکەمیان داوە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکە کردووە، "بەرپرسانی ئەمریکی لە نەتەنیاهوو نیگەرانن، هیچی دی وەکو هاوبەشێکی بەرهەمدار سەیری ناکەن کە بتوانرێت تەنانەت لە لە پشت دەرگا داخراوەکانیش کاریگەریان بەسەرییەوە هەبێت."
نەتەنیاهوو: ئەمریکا بووایە چی دەکرد؟
نیگەرانی لە نەتەنیاهوو هانی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیدارەی بایدنی داوە داوای لێبکەن بە ئاشکرا رەخنە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بگرێت لەسەر شێوازی بەڕێوەبەردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە.
رۆژی یەکشەممە نەتەنیاهوو میوانی فۆکس نیوز بوو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی کە سەبارەت بە شەڕی غەززە و کوشتنی خەڵكی سڤیل ئاراستەی دەکرێت کە بەگوێرەی حکومەتەکەی حەماس، 28 هەزاری تێپەڕاندووە، نەتەنیاهوو گوتی، "ئەمە وەکو ئەوە وایە سێ چارەکی داعش لە عێراق لەنێوببەی دوایی بڵێی دەی قەینا با ئەو کەمە خاکەیان لەژێر دەستدا بمێنێت. حەماسیش خۆی یەکدەخاتەوە ئەگەر کەمێک خاکی لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری بە خراپترین لەدوای کۆمەڵکوژیی هۆڵۆکۆست وەسفکرد و گوتی "7ی ئۆکتۆبەر هاوتابوو لەگەڵ 29 یازدەی سێپتەمبەر لە یەک رۆژدا. هاوشێوەی کۆمەڵکوژکردن، سوتاندن، بریندارکردن و سەربڕین و دەستدرێژی بوو بۆ سەر 50 هەزار ئەمریکی . هەروەها هاوشێووەی بەبارمتەگرتنی 10 هەزار ئەمریکی بوو لەنێویاندا دایکان و منداڵەکانیان."
نەتەنیاهوو دەڵێت، ئەگەر ئەمە بەسەر ئەواندا هاتبایە، "ئەمریکا چۆن وەڵامی دەدایەوە؟ من دەڵێم زۆر لە هەڵوێستی ئیسرائیل تووندتر دەبوو."
ناکۆییەکان لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لەکاتێکدایە، 7ی شوبات نەتەنیاهوو پێشنیازێکی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە کە دەڵێت؛ سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەن لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە و زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد بکات و لەماوەی 135 رۆژ بە سێ قۆناغ ئاگربەستی هەمیشەیی رابگەیەندرێت.
دوێنێ شەممە، 10ی شوبات، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، نەتەنیاهوو کۆشکی سپیی بە بارمتە گرتووە لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵات؛ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتیشی چونکە "کۆتایی شەڕی غەززە کۆتایی دەسەڵاتی نەتەنیاهوو و کیانە زایۆنییەکەیەتی."
بەگوێرەی ئامارەکانی حەماس، تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 11ی شوبات، 28,064 کەس لە غەززە کوژراون، 75٪یان ژن و منداڵن، 12,150 کەس منداڵن، 8,300 کەسیش ژنن.
نەتەنیاهوو دەڵێت، هیچ سوپایەک لە جیهان بەقەد سوپای ئیسرائیل خۆی لە بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل نەپاراستووە، دەڵێت رێڕەوی سەلامەتیان بۆ کردوونەتەوە، بە تەلەفۆن لە ناوچە مەترسیدارەکان ئاگاداردەکرێنەوەو رێگە بە گەیشتنی هاوکاری مرۆییش دەدرێت.
نەک ئاسۆیێک دیارنییە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕی غەززە، رۆژی شەممە ئیسرائیل بڕیاریدا هێرشبکاتە سەر رەفەح لە باشووری کەرتەکە کە شوێنی کۆبوونەوەی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار کەسە.
رەفەح دەکەوێتە سەر سنووری میسر و رۆژی شەممە، 10ی شوبات لە یەکەم بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل 13 کەس گیانیان لەدەستدا، هەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشدارییان لەبارەوە داوە.
رەفەح ئەو شوێنەیە کە باوەڕدەکرێت بەشێکی زۆری بارمتەکانی دەستی حەماسی لێشاردرابێنەوە.
نەتەنیاهوو لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی، تێکشاندنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکان دوو شتی لەیەک دانەبڕاون.
نزیکەی 135 بارمتەی ئیسرائیلی لەدەستی حەماسدا ماون و بزووتنەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لە تەلەگرامی خۆی رایگەیاند، لەماوەی 96 کاژێری رابردوودا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل دوو بارمتەی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە، 8ی دیکە برینداربوون.
بایدن بۆ نەتەنیاهوو: بەبێ گەرەنتیکردنی سەلامەتیی ئاوارەکان هێرش مەکە سەر رەفەح
رۆژی 8ی شوبات جۆ بایدن لە کۆشکی سپی رایگەیاند کوشتنی خەڵكی سڤیل لەغەززە "گەیشتووەتە لووتکە." لەو رۆژەوە تاوەکو ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11ی شوبات بایدن و نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیان نەکردبوو، کە قسەشیان کرد، بایدن جەختی لەوە کردەوە، "نابێت ئۆپەراسیۆنی رەفەح بەبێ پلان و گەرەنتیکردنی سەلامەتی ئاوارەکان دەستپێبکات." بایدن داواشی لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد "هەنگاوەکان خێرابکرێن بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵكی سڤیل لە غەززە."
ئەمە لەکاتێکدایە واشنتن بڕیاریدا رۆژی سێشەممە، 12ی شوبات، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە CIA بنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ لەیەک نزیککردنەوەی ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی شەڕ کە بەنێوەنگیری ئەمریکا، میسڕ و قەتەر بە ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن.
7ی شوباتی ئەم ساڵ کۆنگرێسی ئەمریکا پاکێجێکی هاوکاری بۆ ئیسرائیل رەتکردەوە کە پێکهاتبوو لە چەک و تەقەمەنی بایی 17.6 ملیار دۆلار، هەرچەندە رەتکردنەوەکە بەهۆی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان بوو لە بارەی جەنگی ئۆکراینا و پێشکێشكردنی هاوکارییەکان، بەڵام لەنێوخۆی ئەمریکاشدا گوشارێکی زۆر لەسەر بایدنە بۆ راگرتنی پاڵپشتییەکانی بۆ ئیسرائیل و وەستاندنی شەڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ