دارستانەکان رۆڵیان لە راکێشانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن هەیە

11-02-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن دارستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

زانایان دەڵێن، ئەو دارستانانەی گەرمەسێر کە بە هۆی کشتوکاڵ یا ئاژەڵداری لەناو چوون ، نەک هەر بە خێرایی دەبووژێنەوە، بگرە دووان ئۆکسیدی کاربۆنی زیاتر کێش دەکەن.

لە توێژینەوەیەکدا، کە تێیدا زانایان 1500 پلانی بووژاندنەوەی دارستانەکانیان لە 45 ناوچەی ئەمریکای لاتین هەڵسەنگاندووە، دەرکەوتووە،دارستناە لەناوچووەکان دەبووژێنەوە و گازی دووان ئۆکسیدی کاربۆن زیاد دەکەن. ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر پۆزەتیڤی لەسەر پاراستنی ژینگە دەبێت.

لۆرنس پۆرتەر ، مامۆستای زانکۆی واخەنینگن لە هۆڵەندا ، دەڵێت، راکێشانی دووان ئۆکسیدی کاربۆن لەو دارستانە بووژاوانەی لە لەوەڕگەکان و زەوییە کشتوکاڵییە بەیارەکاندا گەشە دەکەن ، بە رادەیەک زۆرە ، کە مایەی سەرسووڕمانە.

دوای 20 ساڵ لە بووژانەوەی دارستانە گەرمەسێرییەکانی ئەمریکای لاتین، لە هەر هێکتارێکدا ساڵانە سێ تۆن دووان ئۆکسیدی کاربۆن کێش کراوە ، کە ئەوەیش بە 11 بارتەقای رێژەی کێشکردنی دووان ئۆکسیدی کاربۆن لە دارستانە کۆنەکان دانراوە.

دارستانەکان ، بە تایبەت دارستانە گەرمەسێرییەکان، رۆڵی زۆر گرنگیان لە راکێشانی دووان ئۆکسیدی کاربۆن هەیە و 30% دووان ئۆکسیدی کاربون کە لە رێگای مرۆڤەوە دەچێتە ناو کەشی زەوی، رادەکێشن.

نیوەی دارستانە گەرمەسێرییەکانی جیهان ، ئەو دارستانانەن کە دوای بەکارهێنانیان بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ ، دیسان بە شێوەی خۆڕسک گەشەیان کردووەتەوە.

لە نیو سەدەی رابردوودا گەورەترین دارستانی بارانی جیهان ، واتە ئامازۆن بە رێژەی 20% بچووک بووەتەوە، دارستانی سوماترایش لە دۆخێکی زۆر خراپتردایە، چونکە 85% دارەکانی لە دەست چوون.

بووژانەوەی دارستانەکان ، زیاتر لەوەی بەسترابێتەوە بە بەپیسبوونی خاک یا رووبەری دارستانەکان ، بەستراوەتەوە بە بارانبارینی زۆر و دابینکرانی ئاو بۆ ماوەی ساڵانێک.

گرنگترین دارستانە گەرمەسێرییەکانی جیهان بریتین لە ئامازۆن ، سوماترا و دارستانەکانی ناوەندی ئەفریقیا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە