رووداو دیجیتاڵ
ئاوێنەیەکی زیرەک لە پێشانگەی تەکنەلۆژیای لاس ڤێگاس لە ئەمریکا سەرنجی سەردانیکەرانی راکێشاوە.
ئاوێنەی 'بی مایند' بەرهەمی کۆمپانیای باراکۆدای فەرەنسییە و لە پێشانگەی تەکنەلۆژیای لاس ڤێگاس نمایش کراوە. ئەمە ئاوێنەیەکی ئاسایی نییە وەک ئەوەی لە ژیانی رۆژانەماندا بەکاری دەهێنین، بەڵکو هێندەی بڵێی زیرەکە.
هەر کات بێتاقەت بووی، دەتوانی بچیتە بەردەمی، ئەویش بە گاڵتە و قسەی خۆش بێتاقەتییەکەت ناهێڵێت. تەنانەت ئەگەر لە رووخساری خۆشت رازی نەبووی، ئەو بە دڵی تۆ قسە دەکات.
گفتوگۆی نێوان کەسێک لەگەڵ ئاوێنەکە:
ئاوێنە: هەستت چۆنە ئەمڕۆ؟
کچەکە: هەستێکی خۆشم هەیە ئەمڕۆ.
ئاوێنە: لەوە دەچێت کەیفت ساز بێت و زەردەخەنەکەت زۆر سەرنجراکێشە.
هوۆنگ لی دیو، بەڕێوەبەری بەرهەم لە کۆمپانیای باراکۆدا دەڵێت، هەموو رۆژێک بەیانیان یاخود شەو پرسیاری حەزو ئارەزووەکانت لێدەکات. پرسیاری سادەت لێدەکات؛ چۆنیت؟ دەتوانی بە زمانێکی سادە وەڵام بدەیتەوە. وەک ئەوەی قسە لەگەڵ هاوڕێیەکت دەکەی، بۆ نموونە دەڵێی لەگەڵ هاوڕێکەم شەڕم کردووە یاخود هەستێکی خۆشم هەیە. بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێی دەڵێی، ئاوێنەکە پێشنیازێکی ژیرانەت بۆ دەکات. بۆ نموونە ئەگەر دڵەڕاوکێت هەبێت، پێشنیازی وەرزشی هێوربوونەوەت بۆ دەکات."
ئاوێنەکە کامێرادارە و ئەویش تۆ دەبینێت؛ رووخسارت دەناسێتەوە و پێشنیازی میکیاژیشت بۆ دەکات؛ لەکاتی پەلەپەلدا پێت دەڵێت چ پۆشاکێک بۆ ئاهەنگەکەت گونجاوە.
هوۆنگ لی دیو، بەڕێوەبەری بەرهەم لە کۆمپانیای باراکۆدا دەڵێت، "ئەو ئاوێنە زیرەکەی دامانهێناوە لە گەرماوی خەڵک دادەندرێت کە تێیدا خەڵک رۆژانە بایەخ بەخۆی دەدات، بەڵام هەرگیز بەوە نازانینەوە کە هەنگاوێکی چەندە گرنگە پێویستە کاتی زیاتری بۆ دابنێین. دەمانەوێ ئەو تەکنەلۆژیایە لە گەرماوەکانتان بێت بۆ ئەوەی بەردەوام و رۆژانە بایەخ بەخۆتان بدەن."
جیا لە دڵدانەوە و پێشنیازی ورد، ئاوێنەکە رێنوێنی شۆردنی ددان و گەلێ رێنمایی دیکەی تەندروستی دەکات، هەموو کێشە و گرفتەکانیش لەنێوخۆیدا هەڵدەگرێت و نهێنییەکانت ئاشکرا ناکات.
بی مایند کۆتایی ساڵ لە بازاڕەکاندا بڵاودەبیتەوە و نرخەکەی لە نێوان 500 بۆ 1000 دۆلار دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ