رووداو دیجیتاڵ
80یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گۆڵدن گلۆب لە بێڤەرلی هیڵسی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوو. رێوڕەسمەکە بە رۆیشتنی دەرهێنەر و ئەکتەر و سینەماکاران بەسەر فەرشی سوور دەستیپێکرد. گەڕانەوەی گۆڵدن گلۆب بۆ سەر شاشەکانی تەلەڤزیۆن گرنگیێکی تایبەتی هەبوو.
ساڵی 2022 بەهۆی بایکۆتی سی ئێن بی سی بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکە بینەرێکی زۆری لەدەستدا، خەڵاتەکان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە راگەیێندران، ساڵێک پێشتریش و لە 2021 بەهۆی کۆرۆناوە رێوڕەسمەکە بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو، لە 202یش هەر بەهۆی کۆرۆناوە رێوڕەسمەکە بەڕێوەنەچوو.
ئەمساڵ گۆڵدن گلۆب دەڵێت، چاکسازی لە کارەکانی کردووە و زیاتر لە 52٪ـی ئەندامانی ئافرەت بوون، هەروەها 51.8٪ی فرەنەتەوەبوون.
پێکهاتەی ئەندامانی بەمشێوەیە بوو، لاتینی 19.6٪ و ئاسیایی 12.1٪ و رەشپێست 10.1٪ و خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش 10.1٪ی رێوڕەسمەکە پێکدەهێنن.
رێوڕەسمی ئەمساڵ لەلایەن جێرۆس کارمایکل، سینەماکاری بواری کۆمیدی بەڕێوەچوو.
ساڵی رابردوو لۆس ئانجلس تایمز راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەسەر گۆڵدن گلۆبب بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە دەمارگیری و جیاکاری تێدا دەکرێت، ئێن بی سی لە رووماڵکردنی رێوڕەسمەکە کشایەوە و هەریەک لە نێتفلێکس و وارنەر میدیا پەیوەندیان لەگەڵ دامەزراوەکە بڕی.
ئەوە وایکرد رێوڕەسەمەکە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەبچێت و هیچ سینەماکارێک بەشدارنەبێت، بۆنەکە راستەوخۆ نەگوازرێتەوە و هەروەها براوەکان تەنیا لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە رابگەیێندرێن.
ئەمساڵ ئێن بی سی بە گرێبەستێکی یەک ساڵە، 80یەمین رێوڕەسمی گۆڵدن گلۆبی گواستەوە، کەناڵەکە نەیکرد بە گرێبەستی چەند ساڵە تاوەکو دڵنیابێتەوە کە دامەزراوەکە چاکسازی لە کارەکانی کردووە.
لە مانگی ئابی 2022 گۆڵدن گلۆب چاوی بە یاساکانی خۆیدا خشاندەوە، 103 کارمەندی نێودەوڵەتی نا ئەندامی بۆ ریزەکانی زیادکرد تاوەکو دەنگ بدەن و هەروەها رێژەی کارمەندیشی لە رەگەزی مێ بۆ 52٪ بەرزکردەوە.