رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، لە دبلن کۆبوونەوەیەکی فراوان کرا و تێیدا رێکخەری نووسینگەی راسپاردە نێوەدەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.
کۆبوونەوەکەی پایتەختی ئێرلاند لە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی کودانی ئێزدی بوو کە رۆژی سێشەممە 10ـی ئەیلوول بەڕێوەچوو. تێیدا نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرلاند، حکومەتی عێراق، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) بەشداربوون.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعشەوە بەرامبەر بە ئێزدییەكان ئەنجامیان داوە، كە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەچنە خانەی تاوانی نێودەوڵەتی و جەنگەوە".
دیندار زێباری لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 10 وڵات دانیان بەوەدا ناوە، کە "ئەوەی دژی کوردانی ئێزدی کراوە جینۆسایدە."
زێباری لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە یاسای کارپێکراو بۆ دادگەییکردنی تۆمەتبارانی داعش کرد و گوتی، "بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە 03ـی ساڵی 2006 تاوانبارانی داعش دادگەیی دەکرێن".
بە گوێرەی داتای نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی 2021 بۆ 31-03-2024، 619 "تاوانباری" داعش دادگەیی کراون.
دیندار زێباری لە گوتارەکەیدا باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان میوانداری لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی نێوخۆ کردووە و ئێستا 730 هەزار و 930 کەسیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و زۆرینەیان لە کوردانی ئێزدین.
دیندار زێباری گوتیشی، سێ هەزار و 579 ئێزدی رزگار کراون و مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، دوو هەزار و 579 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن.
دیندار زێباری لە گوتارەکەیدا باسی لە قوربانیدانی پێشمەرگە کرد و گوتی، بۆ تێکشکاندنی داعش، پێشمەرگە هەزار و 814 شەهید و 10 هەزار و 725 برینداری هەبووە و تاوەکو ئەمڕۆش 44 پێشمەرگە بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ