یەکێک لە کوژراوانی رووداوەکەی سوێد ژنێکی خەڵکی شەقڵاوەیە

10-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە قوربانییانی رووداوی تەقەکردنەکەی سوێد کە 11 کەس کوژران، ژنێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، کە مامۆستای بیرکاری بووە و لە یوتیوبیش بە زمانی کوردی وانەی بیرکاریی دەگوتەوە.
 
رووداوەکە 4ی ئەم مانگە لە قوتابخانەیەکی شاری ئۆرێبرۆی سوێد روویدا، ئەویش کاتێک کەسێکی سوێدی تەقەی لە خەڵک کرد و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران و 12ی دیکەش بریندار بوون.
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەورووپا بەناوی جەمال مستەفا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکێک لەوانەی لە رووداوەکەی ئۆرێبرۆی سوێد کوژرا، ژنێکی کوردە بەناوی مامۆستا عەزیزە."
 
مامۆستا عەزیزە تەمەنی 68 ساڵ بووە. بەگوێرەی کەناڵی SVTی سوێدی، ئەو هاونیشتمانییە ئەم ساڵ خانەنشین دەبوو.
 
مامۆستا عەزیزە
مامۆستا عەزیزە
 
مامۆستا عەزیزە لە سوێد مامۆستای بیرکاری بووە و زیاتر لە 20 ساڵ وانەی گوتووەتەوە، هەرچەند پێشتر و لە کوردستان بڕوانامەی ئەندازیاریی بەدەستهێناوە.
 
لە ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو مامۆستا عەزیزە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و لە سوێد نیشتەجێ بووە. جگە لە وانە گوتنەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بووە و لە چەناڵەکەی لە یوتیوب، کە زیاتر لە 124 هەزار سەبسکرایبی هەیە، وانەی بیریکاریی بە زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی کورد شیدەکردەوە.
 
مامۆستا عەزیزە پێنج زمانی زانیوە. رۆژنامەی ئافتونبلادتی سوێدی پەیامی کەسوکاری ئەو مامۆستا کوردەی بڵاوکردووەەتەوە کە دەڵێن، "هەموو کەس خۆشیان دەویست؛ ئەویش هەموو کات لە خەمی خەڵکدا بوو؛ هەر کەسێک رۆژێک بینیبێتی کاریگەریی ئەوی لەسەر ماوەتەوە."
 
مامۆستا عەزیزە
مامۆستا عەزیزە
 
یەکێک لە خوشکەکانی لە پۆستێکدا نووسیویەتی، "عەزیزە ئاگای لە ئێمە بوو، ئێستا کێ ئاگای لە ئێمە بێت، چۆن بتوانین لەدوای ئەو ژیان بەسەربەرین؟"
 
جگە لەو مامۆستا کوردە و ژمارەیەک سوێدی، خەڵکی وڵاتانی دیکەش لەنێو قوربانییەکان بوون. ئەوەش بە خوێناویترین رووداوی تەقەکردن لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتەدا دانرا.
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، میدیای سوێدی ناسنامەی هێرشکارەکەیان بڵاوكردەوە، کە کەسێکی سپیپێستی سوێدییە بەناوی ریکارد ئاندەرسن و تەمەنی 35 ساڵە، پێشتر خوێندکاری ئەو قوتابخانەیە بووە کە هێرشی کردووەتە سەر.
 
میدیای سوێدی تەقەکەرەکەی بە کەسێکی تەنیا و دوورەپەرێز ناساندووە کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نەبووە و کێشەی دەروونیشی هەبووە.
 
بەگوێرەی ڤیدیۆییەکی رووداوەکە، ئاندەرسن لەکاتی هێرشەکە و تەقەکردندا هاوار دەکات و دەڵێت، "دەبێت ئێوە لە ئەورووپا نەمێنن."
 
مامۆستا عەزیزە
مامۆستا عەزیزە
 
پۆلیس رایگەیاندووە، تەقەکەرەکە چوار تفەنگی لە بۆکسی گیتاردا شاردووەتەوە و دواتر چووەتە نێو توالێتی قوتابخانەکە، لەوێ جلوبەرگەکانی گۆڕیوە، جلوبەرگی سەربازیی پۆشیوە و هێرشەکەی کردووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی سوێد، ساڵی رابردوو 296 رووداوی تەقەکردن لەو وڵاتە روویانداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داوا لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین زوو حکومەت پێکبێنن

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هانی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.