رووداو دیجیتاڵ
دوای زیادبوونی گوشارەکان لەسەر کەیسێکی ئابڕووبەرانە، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا دەستی لەکارکێشایەوە دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە لێخۆشبوونی بۆ پیاوێک دەرکرد کە تاوانباربوو بە پەردەپۆشکردنی کەیسێکی دەستدرێژیی سێکسی لە باخچەیەکی منداڵان.
کاتالین لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا روونکردەنەوەی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەیدا و گوتی" هەڵەم کرد، ئەمڕۆ دواین رۆژمە وەکو سەرۆک گوتار پێشکێش دەکەم."
لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا کاتالین دەڵێت" نیسانی رابردوو بڕیاری لێخۆشبوونم دەرکرد، باوەڕم وابوو کە تاوانبار هەستیاری دۆخی منداڵانی خراپ بەکارنەهێناوە کە خۆی سەرپەرشتیاریان بووە."
دەشڵێت: "لە لێخۆشبوونەکە هەڵەم کردووە و بێ پاساویش هۆکاری زیادکردنی گومانەکان بوو لە لێبوردنی کردارەکە کە دەچێتە قاڵبی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان."
ئەم دەستلەکارکێشانەوەی رۆژی شەممە لەکاتێکدابوو، رۆژێک پێشتر زیاتر لە 1000 کەس لە بوداپێستی پایتەخت خۆپیشاندانیان کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکیان کرد، خۆپیشاندانەکە بە دەنگی لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن فراوانتربوو.
کاتالین لە نیسانی 2023 بەر لە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، لێخۆشبوونی بۆ ژمارەیەک خەڵک دەرکرد کە تۆمەتباربوون بە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، لەنێویاندا پیاوێک بەناوی ئێندری کەی، کە جێگری بەڕێوەبەری باخچەکەی منداڵان بوو.
ئێندری لە 2022 سزای زیندانی سێ ساڵ و چوار مانگی بۆ بڕدرابووەوە و بۆ پێنج ساڵیش هەموو کار و چالاکییەکی لێ قەدەخەکرابوو، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ منداڵان بە هەموو شێوەیەک لێ قەدەخە کرا. بەڵام لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی وڵات وایکرد ناوبراو ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
رۆژی سێشەممە، 6ی شوبات کاتالین گوتی، هەرگیز ئامادەنییە لە دەستدرێژیکاری سەر منداڵان خۆشبێت، بەم کەیسەشەوە.
کاتالینی تەمەن 46 ساڵ یەکەم ژنە سەرۆکی هەنگاریا و گەنجترین سەرۆکی وڵات بوو، لە هەمان پارتەکەی ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریایە کە ناوی 'فیدێز'ە. پارتەکە کە لە 2010ـەوە حکومەتی بەدەستەوەیە، دووچاری قەیرانێکی سیاسیی ئابڕووبەر بووەتەوە.
ڤیکتۆر ئۆربان قسەی لەسەر سەرۆکی وڵات نەکردووە، بەڵام ئەوەی گوتووە کە نابێت لێخۆشبوون بۆ ئەوانە دەربکرێت کە تاوانبارن بە دەستدرێژی بۆسەر منداڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ