رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی وڵاتی ئیکوادۆر بەهۆی هێرشی بەرفراوانی مافیا و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بۆسەر حکومەت و شوێنی دیکەی وڵاتەکە تێکچووە. ژمارەیەک مافیا لە شاری گوایاکویل لە ئیکوادۆر لە پەخشی راستەوخۆ هەڵیانکوتایە سەر تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە و 15 خوولەک کارمەندانی تەلەڤیزیۆنی 'تی سی'یان بە بارمتە گرت.
لە پەخشی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنەکەدا، مافیا و بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر بۆمب و چەک نیشان دەدەن و هەڕەشەی کوشتن لە کارمەندەکان دەکەن.
کاتێکی زۆر بەسەر ئەوەدا تێنەپەڕی، باڵەخانەی تەلەڤیزیۆنەکە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ درا و سەرجەم مافیاکان دەستگیر کران، کە ژمارەیان 13 کەس بوو.
خۆسی لویس کالدێرۆن، رۆژنامەنووس رایگەیاند، "کاژێر 02:10ی پاشنیوەڕۆ، گوێبیستی دەنگێک بووین، وامانزانی لە دەرەوەی ستۆدیۆ شەڕ بووە، بەڵام ئەوە نەبوو. پرۆدیوسەرێک بە گوێمانی دا چرپاند و گوتی، ئاگاداربن هێرشمان کراوەتەسەر. لێمان دەدەن و شت دەدزن. دوایی هەوڵیاندا لە دەرگەی ستۆدیۆ بێنە ژوورەوە، هەرچەندە دەرگەکان تۆکمە بوون، هاتن بۆئەوەی هەرچی بیانەوی بیڵێن."
هەریەک لە 13 مافیاکان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کران و سزای زیندانیی 13 ساڵیان بۆ بڕایەوە؛ بەڵام ئەمە بەشێکی بچووک بوو لە تەقینەوەیەکی ئەمنیی گەورە لە ئیکوادۆر دوای ئەوەی گرووپە مافیاکان هێرشێکی بەرفراوانیان لە سەرتاسەری وڵات کرد، حەوت پۆلیسیان رفاند و چەندین تەقینەوەیان ئەنجامدا.
ئێستا سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین باندە مافیاییەکانی وڵات رایکردووە. فیتۆ، پیاوێکی قژ و ریش درێژە، کە سەرۆکی باندی 'لۆس چۆنێرۆس'ە، نادیارە و سەرۆکی وڵات کە مانگی نۆڤەمبەر دەسەڵاتی وڵاتی گرتەدەست، 60 رۆژ باری نائاسایی راگەیاندووە.
دانیێل نۆبوا، سەۆکی ئێکوادۆر رایگەیاند، "رێنوێنیی روون و وردم داوەتە سوپا و بەرپرسانی پۆلیس بۆئەوەی کۆنترۆڵی گرتووخانەکان لەئەستۆ بگرن. هەر ئێستاش بڕیاری راگەیاندنی باری نائاساییم بۆ وڵات واژۆ کرد بۆئەوەی هێزە چەکدارەکان پاڵپشتیی تەواوی سیاسی و یاساییان لە کارەکانیان هەبێت."
فیتۆ لە 2011 بە ئەنجامدانی 14 تاوان سزای 34 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕابووەوە، بەڵام ناوەڕاستی هەفتە راکردنی لە زیندان ئیکوادۆرییەکانی تووشی شۆک کرد.
ئیکوادۆر بە لانەی مافیا و بازرگانانی هۆشبەرەکان دەناسرێت، مافیاکان تەنانەت لەدوای گرتنیشیان مەترسین، لە 2021ـەوە 400 کەس لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان مافیاکان لە گرتووخانەکانی ئیکوادۆر کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ