رووداو دیجیتاڵ
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایی لە بواری گەردووندا لە پێشڤەچووندایە و ئەمەیان کۆنترین چاڵی رەشە لە بۆشایی ئاسمان تاوەکو ئێستا دۆزرابێتەوە.
زانایان بە یارمەتی هەردوو تێلیسکۆپی جەیمس وێب و چاندرای ناسا ئەم چاڵەیان دۆزیوەتەوە، مێژووەکەی بۆ 470 ملیۆن ساڵ دوای تەقینەوەی گەردوون ناسراو بە (بیگ بانگ) دەگەڕێتەوە.
مێژووی خەمڵێندراوی بیگ بانگ 13.7 ملیار ساڵە، بەو پێیە بێت مێژووی ئەم چاڵە رەشە بۆ 13.2 ملیار ساڵ دەگەڕێتەوە. زانایان ناویان ناوە UHZ1.
لەوەش سەیرتر، ئەم چاڵە 10 هێندەی چاڵی رەشی گەلە ئەستێرەی خۆمان گەورەترە کە بە (میڵکی وەی) ناسراوە. ئەگەر تێلیسکۆپی جەیمس وێب و چاندرا نەبووان، بینینیان ئاسان نەدەبوو.
رین دۆیۆن، گەردونناس و شارەزای IR، دەڵێت، "هەتا تێلیسکۆپەکەت گەورەتر بێت، کوالێتی وێنەکانت باشتر دەبن. ئەمەیان سێ هێندەی تێلیسکۆپی هەبڵ بەهێزترە. هەر بۆیە بەهۆی جەیمس وێبەوە وردەکاری زیاتر و جیاوازی گەورەتر دەبینین."
تیۆری تێلیکسۆپی جەیمسوێب و چاندرا دەریدەخەن چاڵی ئێجگار زەبەلاح لە دەستپێکی گەردووندا هەبوون.
باوەڕدەکرێت کێشیان 10٪ بۆ 100٪ هێندەی بارستایی هەموو ئەستێرەکان بن لە چوارچێوەی گەلەئەستێرەکانی خۆیاندا.
جەین ریگبی، زانای پرۆژەی ئۆپەراسیۆنەکانی وێب، گوتی، "دەتوانین بزانین بارستایی لە کوێ کۆبووەتەوە، دەتوانین لە دابەشبوونی بارستای و پەیوەندیان بە گەلە ئەستێرەکان تێبگەین کە پێمان دەڵێت، ماددەی رەش لەکوێیە و ئەمەش رێگەیەکی ناڕاستەوخۆیە بزانین ماددە رەشەکە بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت."
چاڵی رەش کونی زەبەلاحی رەشن لە بۆشایی ئاسمان کە هێزی کێشکردن توانای راکێشانیان هێندە بەرزە تەنانەت رووناکیش ناتوانێت لێیەوە بێتە دەرەوە. چاڵەرەشەکان بە دەروازەی ئەستێرە کوژاوەکانیش ناودەبرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ