سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە بەشداریی لووتکەی G20 ناکات

09-09-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا تووشی کۆرۆنا بووە، بەو هۆیەوە ناتوانێت بەشداریی لووتکەی جی 20 بکات کە لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان بەڕێوەدەچێت.

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) کە جاران بە تویتەر ناسرابوو، بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای پۆزەتیڤ بووە، بۆیە هەر زوو خۆی کەرەنتین کرد.
 
پێدرۆ سانچێز نووسیویەتی، "دۆخی تەندروستیم باشە و ئیسپانیاش بە فراوانی نوێنەرایەتی لە لووتکەکەدا دەبێت". بەو جۆرە پێدرۆش چووە ریزی هەریەک لە ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین کە بەشداریی لووتکەکە ناکەن. 
 
ئەمڕۆ شەممە، 9-9-2023، لووتکەی جی 20 لە نیودەلهی دەستی بە کارەکانی کرد. بۆ یەکەمجاریش یەکێتیی ئەفریقا لە بڕیارێکی مێژووییدا کرایە ئەندامێکی هەمیشەیی لووتکەی جی 20.
 
لووتکەی جی 20 بە گوتارێکی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەستیپێکرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی، "جیهان بەدەست قەیرانی متمانەوە دەناڵێنێت و جەنگ کەمبوونەوەی ئەو متمانەیەی گەورەتر کردووە." بەڵام نارێندرا مۆدی گوتی، "توانیمان کۆڤید تێکبشکێنین، کەواتە دەتوانین ئەو قەیرانە متمانەیە هاوبەشەش تێکبشکێنین."
 
چاوەڕوان دەکرێت لە لووتکەی جی 20دا گەلێک بڕیاری گرنگ و هەستیار بدرێن؛ یەکێک لەوان پلانێکە بۆ بەستنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هیندستان بەیەکەوە بە رێگەی داتا و زانیاری، هێڵی شەمەندەفەر و کارەبا.
 
ئەگەر پلانەکە جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ ئەو وەبەرهێنانە زەبەلاحەی چین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەیکات؛ هاوکات ئەمە وادەکات قەبارەی بازرگانی لەنێوان هیندستان و ئەوروپا 40٪ زیادبکات.
 
هەرچی بەشداریکردنی یەکێتی ئەفریقایە لە لووتکەی جی 20، ئەمە بڕیارێکی فەرمییە و لەمەودوا یەکێتییەکە بە فەرمی لە هەموو لووتکەکان کورسی خۆی دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە