رووداو دیجیتاڵ
سێیەم شەپۆلی تاقەتپڕووکێنی گەرما لەم هاوینەدا، ئیسپانیای گرتەوە. جارێکی دیکە گەرما گەیشتەوە سەرووی 45 پلەی سیلیزی و خەڵک بە ئاوخواردنەوە و رووکردنە نافوورەکان، هەوڵدەدەن ئەم هاوینە بە سەلامەتی تێپەڕێنن.
خۆسی ماریا، هاووڵاتیی ئیسپانی دەڵێت، "لەگەڵ ئەوە راهاتووین کە ساڵ بە ساڵ بەهۆی ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە هاوین گەرمتر دەبێت، بۆیە دەبێت راهێنان بەخۆمان بکەین و ئامادەبین بەرگەی گەرما بگرین."
بەشی خوارووی ئیسپانیا بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما بە پرتەقاڵی دیاریکراوە، بەڵام هەرێمەکانی ئەندەلوس و مەدرید بە سوور دیاریکراوە، کە ئیدی ئەمە بەرزترینە و دەوامی زۆربەی فەرمانگە حکومییەکان دەوەستێت و کارکردن لە دەرەوە قەدەخە دەکرێت.
خوان فرانسیسکۆ، کرێکاری بیناسازی گوتی، "زۆر گەرمە، گەرمییەکی وشکە کار لە ناخت دەکات، بەڵام لە پشوودابی قەرەبووت دەکاتەوە، چونکە دەتوانی بەدوای سێبەردا بگەڕێی. ئاوی زیاتر بخۆیتەوە. بچیتە کافیتریا، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوە کاردەکەن ئاسان نییە."
ئەم گەرمایە بێ زەرەر و زیان نییە، ئاگرێکی زۆر گەورە لە دارستانەکانی ئیسپانیا و پۆرتوگالی دراوسێی کەوتووەتەوە، ئەم چەند رۆژە زیاتر لە 1000 هێکتار لە ئیسپانیا و 7000 هێکتار دارستان لە ناوەڕاستی ئیسپانیا سووتاوە. لە هەردوو وڵاتەکەدا ئەمساڵ 100 هەزار هێکتار دارستان سووتاوە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پار کە 400 هەزار هێکتار سووتابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ