باریکان ئیسماعیلی: متمانەم بەخۆم هەیە بگەمە پەرلەمانی ئەورووپا

09-06-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
باریکان ئیسماعیلی، بەربژێر بۆ پەرلەمانی ئەورووپا
باریکان ئیسماعیلی، بەربژێر بۆ پەرلەمانی ئەورووپا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێرێکی کورد لە پارتی مۆدێراتی دانمارک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێت، لە وڵاتەکەی کاری سەختی کردووە و جێگەی خۆی کردووەتەوە، بۆیە متمانەی بەخۆی هەیە بگاتە پەرلەمانی ئەورووپا. 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 9-6-2024) دوایین رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپایە و بە یەکشەممەی گەورە ناسراوە، دانیشتووانی 21 وڵاتی ئەورووپا دەنگ دەدەن.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، بنکەکانی دەنگدان تاوەکو کاژێر 08:30ـی ئێوارە کراوە دەبن و چاوەڕێش دەکرێت لەکاژێر 11:00ـی شەو (بە کاتی هەولێر)، ئەنجامە بەراییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتەکان رابگەیێندرێن. 
 
دانمارک خاوەن 15 کورسیی پەرلەمانی ئەورووپایە، پارتی مۆدێراتی دانمارک، یەکێک لە پارتە بەشدارەکان، کە تەمەنی تەنیا دوو ساڵە، لەنێو رکابەرایەتییەکانە و کار بۆ بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانی ئەورووپا دەکات، باریکان ئیسماعیلی، بەربژێرێکی کوردی پارتەکەیە و لە ریزبەندیی پێنجەمی پارتەکەدایە، ئەو کچە کوردە پێشبینی دەکات دوو کورسیی پەرلەمانی ئەورووپا بەدەستبهێنن.
 
لە ئەورووپا نیگەرانی لە فراوانبوونی هەژموونی راستڕەوەکان هەیە، کە دژی کۆچبەرانن و پێیانوایە دەبێت ئەورووپا کۆچبەران دەربکات.
 
باریکان ئیسماعیلی لەبارەی سیاسەتی پارتەکەیەوە روونیکردەوە "پارتی مۆدێرات، میانڕەوە، لە بەرەی راستڕۆ و چەپڕۆدا نییە، پارتەکەمان لەگەڵ ئەوەیە کۆچبەر و ئاوارەکان لە یەکدی جیابکەینەوە، پێمانوایە خەڵکی سووریا ئاوارەن و بەهۆی شەڕ تووشی ئەو ژیانە سەختە بوون، دژی ئەوەین سووریاییەکان، کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، بنێردرێنەوە، بەڵام کۆچبەران کە بەهۆی دۆخی ئابووری و لەپێناو خۆشگوزەرانی چوونەتە ئەورووپا، بنێردرێنەوە و بە رێگەی ئاسایی و یاسایی کۆچ بکەن." 
 
باریکان پێیوایە لایەنگرانیان ئەوانەن کە دیدێکی فراوانیان بە رووی جیهاندا هەیە، سەرۆکی پێشووی دانمارک سەرۆکایەتیی پارتەکەیان دەکات و دەیانەوێت هاوسەنگی لەنێوان چەپڕۆ راستڕۆکان دروستبکەن.
 
باریکان ساڵی 1987 لە باوكێکی شنۆیی و دایكێکی رواندزی لە دایکبووە، باریکان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لە دانمارک دەژیت، بەکالۆریۆسی لە سۆسیۆلۆجی و بەڕێوەبردنی بازرگانیدا هەیە، ماستەری لە رێکخستن و ستراتیژیدا هەیە، وانەبێژە لە بەشی بازرگانی و بەڕێوەبردن لە زانکۆی ئالبۆرگ، وەک راوێژکار و گوتاربێژ لەگەڵ رێکخراوەکان کاردەکات و بەڕێوەبەرە لە بەشی راوێژکاریی کۆچبەران.  
 
باریکان باسی کارنامەی "دوای دەرچوون"ـی کرد و گوتی "ئەگەر وەکو ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەڵبژێردرێم، کۆمەڵێک پلانم هەیە، لەنێویاندا کارکردن لەبواری کۆچبەران، پرسەکانی تەکنەلۆژی و سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگە."  
 
لەبارەی ئەگەری دەرچوونیشی، باریکان ئیسماعیلی گوتی "متمانەم بە خۆم هەیە، چونکە لێرە کاری زۆرم کردووە، رووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگارییانە بوومەتەوە کە دانمارکییەکان لێی هیلاکن لە کۆچبەران، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەشدا سەرکەوتوو نەبم، پلانی دیکەم هەیە بۆ ئەوەی بەدەستیبهێنم و داهاتووی خۆم لەم وڵاتە زۆر بە روونی دەبینم."  
 
رۆژی 6ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەستیپێکرد. ئەمڕۆ (یەکشەممە 9ـی حوزەیران) کۆتایی دێت، هەڵبژاردنەکە لە 27 وڵات بۆ هەڵبژاردنی 720 کورسیی پەرلەمانی ئەورووپایە، زیاتر لە 300 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.  
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە: بەرزین سەعدی - رووداو

نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: تاوەکو لە عێراق دەکشێینەوە بەرگری لە خۆمان دەکەین

لەبارەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا گوتی، "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانمان، جێگەی نیگەرانیی ئێمەن و بە دڵنیاییەوە وەڵامیان دەدەینەوە."