بێنی گانتز لە کابینەی جەنگیی نەتەنیاهوو کشایەوە

09-06-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بێنی گانتز وەکو وەزیر لە کابینەی جەنگی بنیامین نەتەنیاهوو کشایەوە و بۆشایێکی گەورەی لەو حکومەتەدا بەجێهێشت کە نزیکەی 8 مانگە لەشەڕی حەماسدایە.
 
بنیامین گانتز کە زیاتر بە بێنی گانتز ناوی دەرکردووە، سیاسەتڤان و  فەرماندەیەکی خانەنشینی ئیسرائیلییە، وەزیر بوو لە کابینەی جەنگی ئیسرائیل بێ ئەوەی هیچ ئەرک و بەرپرسیارییەتیێکی دیاریکراوی هەبێت.
 
گانتز لە 8ی حوزەیرانی 2024ی وەکو دوا وادە بۆ کشانەوە دیاریکردبوو ئەگەر نەتەنیاهوو پلانێکی نوێ بۆ شەڕی دژی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان دانەڕێژێت. بەڵام بەهۆی رزگارکردنی 4 بارمتە لە غەززە کشانەوەکەی کەوتە 9ی حوزەیران.
 
گانتز لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی، "نەتەنیاهوو ناهێڵێت بەرەو سەرکەوتنێکی راستەقینە هەنگاو بنێین".
 
گانتز لە بەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "بە دڵێکی پڕەوە، بەڵام پڕ بە دڵ لە حکومەتی رزگارکەر دەچینە دەرەوە".
 
نەتەنیاهوو تا رۆژی شەممە داوای لە گانتز دەکرد لە حکومەتەکەی بمێنێتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی شەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆیی لە تەلەگرام گوتی، "کاتی یەکێتییە نەک بەش بەش بوون".
 
گانتز لە کاتی راگەیاندنی کشانەوەی داوای لە نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیران کرد بەروارێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.
 
سەرۆکی پارتی یەکێتیی نیشتمانی گوتی، "بۆ ئەوەی لە سەرکەوتنی راستەقینە دڵنیا بین، جێی خۆیەتی لە پاییزدا و ساڵێک دوای کارەساتەکە بەرەو دەنگدان بڕۆین و لەکۆتاییدا حکومەتێک رابگەیێنین تاوەکو متمانەی گەل بەدەستبێنینەوە و بتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵبین".
 
کشانەوەی بێنی گانتز لە کابینەی جەنگی ئیسرائیل دوای چەندین داوای نێودەوڵەتی دێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەو راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، ئەمەش دوای 8 مانگ لە پێکدادان و کوژرانی زیاتر لە 36 هەزار کەس لە غەززە و زیاتر لە 1200 کەسیش لە ئیسرائیل لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە