رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا راگەیێندرا و دەنگی پارتە راستڕۆ و دژە کۆچبەرەکان لە زۆربەی 27 وڵاتەکەی یەکێتییەکە لە هەڵکشاندایە.
ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا کە خاوەنی 96 کورسییە لە 720 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا، هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی یەکێتیی کریستیان دیموکرات/کریستیان سۆسیال دیموکرات 31.5٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. پارتی ئالتەرناتیڤی دژە کۆچبەری دژە ئیسلام کە بەم دواییانە لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار دژایەتی زۆری کرا، 16٪ دەنگەکانی زیادی کردووە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2019، 16 کورسی بەدەستهێناوە و لە پلەی دووەم دێت.
پارتەکەی ئۆلاف شۆلتزی راوێژکاری ئەڵمانیا کە پارتی سۆسیال دیموکراتە، 14 کورسی بەدەستهێناوە، واتا دوو کورسی لەدەستداوە.
هەرچی سەوزەکانیشە کە بانگەشە بۆ ژینگە و سەوزایی دەکەن، 12 کورسییان بەدەستهێناوە و 9 کورسیان لەدەستداوە.
فەرەنسا
لە فەرەنسا پارتی بەرەی نیشتیمانی کە پارتێکی دژە ئیسلامی دژە کۆچبەرە، سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمارکرد و 31٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەمەش دوو هێندە زیاتری پارتە لیبراڵە ناوەندەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆماری فەرەنسایە کە بە پارتی پێویستی ئەورووپا ناوی دەرکردووە و تەنیا 14٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە بەدوای ئەم شکستە گەورە سەرۆککۆمار پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد. ماکرۆن گوتی، "ناتوانم رۆژەکەم کۆتایی پێبێنم وەک ئەوەی هیچ شتێک رووینەداوە". دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دانانی هەڵبژاردن بۆ 30ی حوزەیران و خوولی دووەم بۆ 7ی تەمووز، ماری لۆپین گوتی، "ئامادەین".
هۆڵەندا
پارتەکەی خیر فیلدەرس کە بە پارتی ئازادیی هۆڵەندا ناوی دەرکردووە و بانگەشەی رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران لە وڵاتانی موسڵمان دەکات، لە 31 کورسییەکەی 720 کورسی پەرلەمانی ئەورووپا لە سفرەوە حەوت کورسی بەدەستهێناوە کە دەکاتە 17٪ی دەنگەکان، هاوپەیمانی نێوان کار و سەوزەکان کە بە GroenLinks–PvdA دەناسرێتەوە و هاوپەیمانێکی چەپی ناوەندی سۆسیالە و گرنگی بە ژینگەی ئەورووپا دەدات، بە 8 کورسی زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنی هۆڵەندای بردووەتەوە، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی مارک رووتەی سەرۆکوەزیرانیش 4 کورسی بەدەستهێناوە، واتا یەک کورسی کەم کردووە.
نەمسا
لە نەمسا بۆ یەکەمجار پارتی ئازادی کە پارتێکی تووندئاژۆی نەتەوەیی دژە کۆچبەرە، زۆرینەی دەنگی بەدەستهێنا و ئەنجامە بەراییەکان دەڵێن، لە 20 کورسیی 720 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا 6 کورسی بەدەستهێناوە، هەریەک لە پارتی سۆسیال و پارتی گەل کە پارتەکەی کارل نیهامەری راوێژکارە، 5 کورسییان بەدەستهیناوە.
ئیسپانیا
لە ئیسپانیاش زیادبوونی دەنگی پارتە دژە کۆچبەرەکان لە هەڵکشانە، بەڵام هێشتا پارتی گەل کە پارتێکی سۆسیال لیبرالی کریستیانی ئابووری دۆستە، لە 61 کورسیی نێو 720 کورسییەکەی پەرلەمانی ئەورووپا 22 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی ئیسپانیا کە پیدرۆ سانچێزی سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتی دەکات، 20 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی ڤۆکس کە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە، 7 کورسی بەدەستهێناوەو 3 کورسی زیادکردووە، پارتی "The Party Is Over"، کە تازە دامەزراوە و خۆی بە راستڕۆی دژە کۆچبەر دەناسێنێت، چاوەڕواندەکرێت دوو بۆ سێ کورسی بەدەستبێنێت.
بەشێوەیەکی گشتی پارتە راستڕۆکان لەسەر ئاستی ئەورووپا دەنگیان زیادی کردووە، پارتی دەسەڵاتدار گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نەهاتووە و پارتە سەوزەکانیش دووچاری شکستێکی گەورە هاتوون. بەڵام هەڵکشانی دەنگی راستڕۆکان واتا توندوتۆڵبوونی یاسا و رێساکان لە دژی کۆچبەران.
لەسەر ئاستی 27 وڵاتەکەی یەکێتی ئەورووپا، 373 ملیۆن کەس بۆ هەڵبژاردنی 720 کورسی پەرلەمانی ئەورووپا مافی دەنگدانیان هەبوو، بۆ یەکەمجاریش کەسانی تەمەن 16 و 17 ساڵ مافی دەنگدانیان هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ