رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی کۆریای باشوور بازرگانیکردنی بە گۆشتی سەگ قەدەخە کرد، هەر کەسێکیش سەگ سەرببڕێت، کڕین و فرۆشتن بە گۆشتەکەیەوە بکات، بە سێ ساڵ بەندکردن یاخود 23,000 دۆلار پێبژاردن سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە, 9ـی کانوونی دووەمی 2024، پەرلەمانی کۆریای باشوور بە 280 دەنگی بەڵێ، سەربڕینی سەگ و کڕین و فرۆشتنی بە گۆشتی سەگەوە قەدەخە کرد.
چەندین ساڵە چالاکڤانان لە کۆریای باشوور داوای وەستاندنی سەربڕین و مامەڵەکردن بە گۆشتی سەگ دەکەن و کردارەکە بە "ئابڕووبەرانە" بۆ حکومەتەکەیان ناودەبەن.
بڕیارەکەی پەرلەمانی کۆریای باشوور لە دوای سێ ساڵی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
گۆشتی سەگ بە "خواردنێکی وزەبەخش" لەلایەن کۆرییەکان لێکدەدرێتەوە، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کە رێژەی شێ بەرزدەبێتەوە، بەڵام ماوەیەکە خواست لەسەر گۆشتەکە دابەزیوە و ئەوانەی تاوەکو ئێستا دەیخۆن زیاتر خەڵکی بەتەمەنن، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئێستا زۆربەی خێزانە کۆرییەکان سەگ وەکو ئاژەڵێکی ماڵی رادەگرن و سەربڕینی بە تاوانێکی قێزەون ناودەبەن.
چالاکڤانانی کۆریای باشوور دەڵێن، زۆربەی سەگەکان لە کاتی کوشتنەوەدا کارەبایان لێدەدرێت، یاخود هەڵدەواسرێن، بەڵام ئەوانەی بازرگانی پێوەدەکەن، دەڵێن کوشتنەوەی ئاژەڵەکە ئێستا بە رێگەی دیکەیە.
بەگوێرەی راپرسیێک کە رۆژی دووشەممە لەلایەن Animal Welfare Awareness بڵاوکرایەوە، کە سەنتەرێکی توێژینەوە و پەروەردەیە و بارەگاکەی لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورە، 94٪ی خەڵک گوتیان لە پارەوە گۆشتی سەگیان نەخواردووە و 93٪یش گوتیان، لە پلانیاندا نییە لە داهاتوو بیخۆن.
وەزارەتی کشتوکاڵی کۆریای باشوور دەڵێت تاوەکو نیسانی 2022، نزیکەی 1100 جووتیار 570 هەزار سەگیان بۆ سەربڕین بۆ 1600 رێستورانت بەخێو کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ