رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەوێکی پڕ چالاکی گرنگ بوو، کە تێیدا دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک سەرۆک، سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهاندا هەبوو، لەنێویشیاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ 50 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ فەرەنسا بانگهێشتکرابوو بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی مێژوویی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس.
کردنەوەی کاتێدرالەکە، رووداوێکی مێژوویی بوو بەهۆی ئەو رێوڕەسمە گەورەیەی بۆی سازکرا، کە پاریسی کردە ناوەندی سیاسی بۆ کۆکردنەوەی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێنەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و کەسایەتییەکانی جیهانی بڵاوکردووەتەوە، کە شەوی رابردوو لە پاریس لە کۆشکی ئێلیزێ دیداریان هەبووە.
بەشێکی ئەو سەرۆک، سەرکردە و کەسایەتییانەی نێچیرڤان بارزانی دیداری لەگەڵ هەبوون:
- دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا
- ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
- فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا
- ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و سپەیس ئێکس، هەروەها بەربژێری دۆناڵد ترەمپ بۆ بەڕێوەرایەتیی 'دامەزراوەی کارامەیی' لە کابینەی داهاتوویدا
- سێرگیۆ، ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا
- ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا
- دێک شۆف، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا
- میلۆس ڤوچێڤیچ، سەرۆکوەزیرانی سربیا
- کارل نیهامەر، راوێژکاری نەمسا
- شازادە مولای رەشید، شازادەی مەغریب
- قەداسەتی مار ئاوای سێیەم، سەرۆکی کەنیسەی ئاشووری لە جیهان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان شەوی رابردوو (شەممە، 7-12-2024) رایگەیاندبوو "بانگهێشت و بەشداریکردنی سهرۆک نێچيرڤان بارزانى لهم رێوڕهسمهدا، نيشانهى دۆستايهتى و پهيوهنديى پتهوى نێوان فهرهنسا و ههرێمى كوردستانه، ههروهها گرنگيى رۆڵ و پێگهى ههرێمى كوردستان لهسهر ئاستى ناوچهكه و پهيوهندييه ديپلۆماسييه نێودهوڵهتييهكاندا نيشان دهدات."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس گوتی، "بەبۆنەی ئەم دەستکەوتە مەزنەوە، پیرۆزبایی لە هاوڕێم سەرۆک ماکرۆن دەکەم."
کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس کە لە ساڵی 2019 سووتا و دوای پێنج ساڵ کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی، دوێنێ کرایەوە.