رووداو دیجیتاڵ
کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاییندەی میدیا لە لەندەن بەڕێوەدەچێت و تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداویش بەشدارە. ئەندامێکی تیمەکە دەڵێت، گرنگە رووداو وەکو میدیایەکی گەورەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان زۆر بەزوویی سوود لە دوایین پێشکەوتن و داهێنانەکان لەبواری میدیادا وەربگرێت.
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشاری بەرنامی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو و ئەندامی تیمەکە لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداودا بەشداربوو و گوتی، "ئاییندەی میدیا بۆ ئێمە وەکو گەورەترین دەزگای میدیایی کوردستان و یەکێک لە گەورەترین میدیای ناوچەکە گرنگە. دامەزراوە هەرە گەورەکانی جیهان لێرە بۆ دوو رۆژ تاوتوێی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە میدیا دەکەن".
نوێترین داهێنانەکان لە بواری میدیا، ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر میدیا، دەرفەتەکانی کارکردنی میدیا لە قۆناخی داهاتوودا و مەترسییەکانی سەری لەو بابەتە سەرەکییانەن لە کۆنفرانسەکەدا بە وردی لە لایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە تیشکیان دەخرێتە سەر.
رووداو شانبەشانی دامەزراوە گەورەکانی وەک گووگڵ، تیکتۆک، سکای نیوز و سامسۆنگ بەشدارە.
هێمن عەبدوڵڵا گوتی، تیمەکەی رووداو لە کۆنفرانسەکەدا دەرفەتی ئەوەی هەیە لەگەڵ تیمی دامەزراوە میدیاییە جیهانییەکان گفتوگۆ و هاوئاهەنگی زیاتر دروست بکات بۆ ئەوەی ئەو پێکەوە کارکردنە زووتر و زیاتر رەنگدانەوەی لەسەر دوایین داهێنانەکان لە رووداودا هەبێت.
یەکێک لە سەمینارەکانی ئەمڕۆ لە لایەن چەند ئەندامێکی کۆمپانیای سامسۆنگەوە پێشکێشکرا کە تێیدا بەشێکی زۆری سەرنجەکە لەسەر ژیریی دەستکرد بوو.
هێمن عەبدوڵڵا گوتی، کوردستان مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە کە کەم نەتەوەی جیهان هەیە خاوەن مێژووی هێندە دەوڵەمەند بێت و دەکرێت ژیری دەستکرد سوودی لێ وەربگیرێت بۆ دەرخستن و روونکردنەوەی زۆر رووی دەرنەخراوی ئەو مێژووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ