گالەری

08-03-2025
24 Photos
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنانە و لە وڵاتانی جیهان بە شێوەی جۆراوجۆر رێوڕەسمی تایبەت بەو رۆژە بەڕێوەدەچێت؛ هاوکات لە هەندێک وڵاتیش لەم رۆژەدا ژنان خەریکی کارکردنن.
 
رۆژی جیهانیی ژنان لە سەرەتادا وەکو چالاکییەکی سیاسی سۆسیالیستی سەریهەڵداوە. یەکەم رۆژی نیشتمانیی ژنان لە 28ی شوباتی 1909 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، ئەمەش وەکو رێزلێنانێک بۆ مانگرتنی ژنانی کرێکار لە ساڵی 1908 لە شاری نیویۆرک کە داوای کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردن، مووچەی باشتر و مافی دەنگدانیان دەکرد.
 
بیرۆکەی رۆژی جیهانیی ژنان وەکو بۆنەیەکی ساڵانەی نێودەوڵەتی لەلایەن کلارا زێتکینەوە خراوەتەڕوو، ئەو سەرکردەیەکی دیاری حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو؛ ئەم پێشنیازەی لە ساڵی 1910 لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی کرێکار لە کۆپنهاگن خستەڕوو. زیاتر لە 100 ژن لە 17 وڵاتەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد و بە یەکگرتوویی دەنگیان لەسەر بیرۆکەکە دا.
 
یەکەم رۆژی جیهانیی ژنان لە 19ی ئازاری 1911 لە نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا و سویسرا بەڕێوەچوو. زیاتر لە یەک ملیۆن ژن و پیاو بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا کرد، داوای مافی کارکردن، مافی دەنگدان، مافی مەشق و راهێنان و کۆتاییهێنان بە جیاکارییان دەکرد.
 
لە ساڵی 1913 رۆژی جیهانیی ژنان گواسترایەوە بۆ 8ی مارس و وەکو رۆژێکی دیاریکراو مایەوە بۆ هەموو ساڵێک. ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی هەندێک رووداوی مێژووییەوە بوو کە لە دەوروبەری جەنگی جیهانیی یەکەم روویاندا.
 
لە ساڵی 1975 نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی رۆژی 8ی مارسی وەکو رۆژی جیهانیی ژنان ناساند. نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەوە هەموو ساڵێک دروشمێکی دیاریکراو بۆ رۆژەکە دادەنێت، کە تیشک دەخاتە سەر پرسێکی گرنگ کە پەیوەندیی بە یەکسانیی رەگەزییەوە هەیە.
 
رۆژی جیهانیی ژنان دەرفەتێکە بۆ بەرز راگرتنی دەستکەوتەکانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هۆشیارکردنەوە لەبارەی یەکسانیی رەگەزی، هەڵمەت بۆ ماف و دەستکەوتنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان و کچان، هەروەها رەخنەگرتن و تێکۆشان دژی نایەکسانییەکان و جیاکارییەکان کە ژنان رووبەڕووی دەبنەوە.
 
لە سەرانسەری جیهاندا، رۆژی جیهانیی ژنان بە چەندین شێواز بەڕێوەدەچێت، لەوانەش: رێپێوان و خۆپیشاندان، کۆنفرانس و پانێڵ، ئاهەنگ و چالاکیی هونەری و چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
 
لە رۆژی جیهانیی ژناندا سێ رەنگ بە شێوەیەکی نەریتی بەکاردەهێندرێن کە بریتییە لە مۆر، سپی و سەوز؛ هەریەکە لەو رەنگانەش مانای تایبەتیان هەیە.
 

وێنەکان: AFP