رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە لە دانیمارک نیشتەجێیە، دەڵێت، مەترسی بە زۆر ناردنەوەیان لەسەرە.
عیزەت کۆتۆ، هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ئێستا لە دانیمارک دەژی. عیزەت ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتا مافی مانەوەی پێنج ساڵیمان وەرگرت، دواتر کرایە دوو ساڵی، ئێستا دەڵێن دەسەڵاتی بەشار ئەسەد نەماوە و دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆتان".
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەوانەی ئێستا مافی نیشتەجێبوونیان تەواو بووە، مامەڵەی نوێکردنەوەیان راگیراوە؛ گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر کورد لە مەترسی و دڵەڕاوکێدا دەژین و ترسی ئەوەیان هەیە بە زۆر بنێردرێنەوە".
عیزەت کۆتۆ دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ دانیمارک هیچ کوردێکی بەزۆر نەناردووەتەوە، بەڵام دەنگۆی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، ئەوەش دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
ئەو هاونیشتمانییەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان گوتی: "ژمارەیەک لەوانەی مەترسی ناردنەوەیان لەسەرە منداڵیان لەم وڵاتە دەخوێنن و خۆشیان خاوەن کاری خۆیانن، بەڵام پێیان دەڵێن دۆخی سووریا باش بووە و دەبێت بگەڕێنەوە".
وەک عیزەت کۆتۆ گوتی، ئەو کەسانەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەیان لە دانیمارک راگیراوە، نامەیەکیان بۆ نێردراوە و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، مانەوەیان لە وڵاتەکە یاساییە و دەتوانن کار و خوێندنی خۆیان بەردەوام بکەن تاوەکو ئەو کاتەی بڕیار لەسەر دۆسیەکەیان دەدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 6ـی ئادار لە بەشێکی پارێزگاکانی سووریا ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکان کە دەگوترێن نزیکی دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووی سووریان، دروستبوو. لە ئەنجامی شەڕەکەدا سەتان کەس کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ