رووداو دیجیتاڵ
رەزەوانەکانی ئیسرائیلی نزیک لە سنووری لوبنان، دوودڵن و نازانن مێوەکانیان ببڕن یان چاوەڕێی سەرهەڵدانی جەنگێکی گەورە بکەن، چاوەڕوانییەکەیان لەکاتێکدایە شاندی وڵاتەکەشیان لە ئەمریکاوە بە دەستبەتاڵی گەڕایەوە.
بەر لە بەهار، دەبێت مێوەکان هەڵپاچن، چونکە سرووشت چاوەڕێی ئاشتی ناکات. شەڕەکەش فراوانتر بێت، واتا زەرەر و زیانی زیاتر بۆ کەرتی کشتوکاڵی ئیسرائیل کە ترێ بڕبڕەی پشتییەتی.
ئێیال مایلس، رەزەوان دەڵێ "دۆخی ئەمنی بەشێوەیەکە، کاری کرێکارەکانمانی سنووردار کردووە. کرێکار نەماوە. ئەمە کێشەی سەرەکییە. کرێکاران ناوێرن لەم کاتەدا بێنە سەر کار."
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن سەنتەری میگالی ئیسرائیلی کراوە، شەڕ 35٪ـی داهاتی کشتوکاڵی ئیسرائیلی کەمکردووە و، کەرتی گەشتیاریش بەڕێژەی 82٪ پاشەکشەی کردووە بەراورد بە پێش شەڕ.
لەم کاتەدا ئەمیر ئۆحەنا، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل لە واشنتن بوو بۆ کۆکردنەوەی ئەو 17.6 ملیار دۆلارەی وەکو پاکێجێکی سەربازی بۆیان داندرابوو، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر شەڕی ئۆکراینا، ناچاربوو شاندی میوان بە دەست بەتاڵی بگەڕێنێتەوە.
مایک جپنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە كۆمارییە، دەڵێ "کاتی دوودڵی نییە. مێژوو چاوەڕوانمانە کرداری گەورە و یەکلاکەرەوە بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و هاووڵاتیانمان بنوێنین."
ئیسرائیل 4.2٪ کورتهێنانی لە بودجەی 2023 راگەیاند بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری بودجەکەی بۆ شەڕی حەماس تەرخانکرد، چاوەڕواندەکرێت ئەمساڵ کورتهێنانەکە بۆ 6٪ بەرزبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ